سوپای ئیسرائیل: شەڕ لە هەشت شوێن بەردەوامە

08-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن فەلەستین ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە درێژایی شەو، بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بوو. لە دەوروبەری غەززەش، بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە 8 شوێن شەڕ لەگەڵ چەکدارانی حەماس بەردەوامە. 
 
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 256 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتەکە، گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 788 کەسیش بریندارن. 
 
بەگوێرەی وەزارەتە فەلەستینییەکە، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، 20ـیان منداڵن، هەروەها 121 منداڵی دیکەش برینداربوون. 
 
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش رایگەیاند، 300 هاووڵاتیی ئیسرائیلی بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و هەزار و 600ـی دیکە بریندارن، کە 318ـیان برینەکانیان سەختە. 
 
میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، 750 هاووڵاتیی دیکەی ئیسرائیلی بێسەروشوێنن، هەروەها 50ـی دیکە لەلایەن حەماسەوە بە دیل گیراون. 
حەماسیش رایگەیاند، ژمارەی دیلەکانی ئیسرائیل "زۆر لەوە زیاترە کە بیری لێدەکاتەوە."
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەستی بە گواستنەوەی خەڵک کردووە لە ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. 
 
کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس)، بەیانیی رۆژی شەممە لە ژێر ناوی "تۆفانی ئەقسا"، دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کرد، هەزاران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و چەکدارەکانی دزەیان کردە نێو ئۆردوگا جوونشینەکان. 
 
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر ناوچە جیاجیاکانی. 

 

 
محەممەد زەیف، فەرماندەی گشتیی کەتائیبی قەسام رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسایان" دژی ئیسرائیل دەستپێکردووە.
 
زەیف لە تۆمارێکی دەنگیدا رایگەیاند، لە گورزی یەکەمدا، زیاتر لە 5 هەزار مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، عەبدوللەتیف قانوع، یەکێک لە گوتەبێژەکانی حەماس، بە تەلەفۆن بە رووداوی گوت، هەزار "موجاهید"ـیان چوونەتە نێو خاکی ئیسرائیل. 
 
هاوکات یەکینەکانی قودس، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی رایگەیاند، لە زیاتر لە 7 بەرەوە، شەڕ دژی ئیسرائیل بەردەوامە، لەوانەش لە سدیرۆت، کوفارسەعد و کوفار عەزە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، ئەوان "لە جەنگدان" و هەڕەشەی کرد کە "غەززە دەکەنە دوورگەیەکی وێران،" هەروەها داوای لە دانیشتووانی کەرتەکە کرد، چۆڵیبکەن، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل بە "رۆژێکی رەش" ناوبرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە