رووداو دیجیتاڵ
هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، سعودیە و ئیمارات داوا لە موسڵمانان دەکەن، رۆژی یەکشەممە، 10ی ئادار، چاودێریی مانگ بکەن.
دادگەی باڵای سعودیە و لیژنەی بینینی مانگی ئیمارات داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کرد لەو رۆژەدا چاودێریی ئاسمان بکەن بۆ ئەوەی ئەگەر مانگیان بینی، 11ی ئادار بە یەکەمین رۆژی مانگی رەمەزان دیاری بکرێت.
ئەوانەی لە سعودیە مانگ دەبینن، داوایان لێ کراوە نزیکترین سەنتەر ئاگادار بکەنەوە. لە ئیماراتیش ژمارە تەلەفۆنێکی تایبەت دانراوە بۆ ئەوەی هەر کەسێک مانگی بینی، ئاگاداریان بکاتەوە.
ئایینی ئیسلام ساڵنامەی هەیڤی پەیڕەو دەکات کە لە 12 مانگ پێکدێت و ساڵەکانی 354 یان 355 رۆژن.
رەمەزان نۆیەم مانگی ساڵنامەکەیە کە بە ساڵنامەی کۆچی دەناسرێت.
لەو مانگەدا لە زۆربەی وڵاتانی زۆرینە موسڵماندا کاژێرەکانی کارکردن کەمدەکرێنەوە.
بۆ نموونە، لە ئیمارات، کاری رۆژانەی کارمەندانی کەرتی تایبەت دوو کاژێر کەم دەکرێتەوە؛ زۆربەی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی وڵاتەکەش رۆژانی دووشەممە تا پێنجشەممە، کاژێر 9:00ی بەیانی تاوەکو 2:30ی ئێوارە کاردەکەن.
هەروەها چاوەڕێ دەکرێت لە سعودیەش کاژێرەکانی کارکردن و خوێندن کەمبکرێنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت جەژنی رەمەزان بکەوێتە دەوروبەری 10ی نیسان.
لە هەرێمی کوردستانیش رۆژی یەکشەممە چاودێریی بینینی مانگ دەکرێت.
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، بەرپرسی توێژینەوە، ئیرشاد و رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف رۆژی هەینی بە رووداوی گوت، رۆژی یەکشەممە چاودێریی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان دەکەن و یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاری دەکەن.
بەرزنجی گوتی، "لە رێگەی لیژنەی بینینی مانگەوە ئاشكرای دەکەین کە دووشەممە یەکەم رۆژی رەمەزان دەبێت یان سێشەممە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ