حوسییەکان بەبۆنەی کوژرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح ئاهەنگ دەگێڕن

06-12-2017
ئەیاد مەوسمی
حوسییەکان رێپێوان دەکەن و ئاڵای یەمەن بەرزدەکەنەوە
حوسییەکان رێپێوان دەکەن و ئاڵای یەمەن بەرزدەکەنەوە
نیشانەکردن یەمەن
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای کوشتنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن، حوسییەکان کۆبوونەوە و رژانە سەر شەقامی فڕۆکەخانە لە باکووری سەنعای پایتەخت، وەک خۆیان باسی دەکەن بەبۆنەی "شکستپێهێنانی ئەو پیلانگێڕییە" ئاهەنگ دەگێڕن  و لێرەدا ئامادەن.

حەسەن شەرەفەدین، یەکێک لە حوسییەکان دەڵێ "سەرەتا سوپاس بۆ خوا، بۆ لەنێوبردن و کۆتاییهاتنی ئەو فیتنەیە و لەنێوبردنی سەرجەم سیمبولەکانی تێکدان و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە. گەلی یەمەن بەیەکگرتوویی دەمێنێتەوە لە رووبەڕبووبوونەوەی دووژمندا".

لەو رێپێوانەدا ئافرەتانیش بەشداربوون، محەممەد حوسی، سەرۆکی لیژنە میللییەکانی حوسییەکان لە گوتارێکدا هانی لایەنگرانی گرووپەکەی دا، خۆڕاگربن.

خالید مەدانی، سەرپەرشتیاری رۆشنبریی حوسییەکان گوتی "پەیاممان دەگەیێنینە وڵاتانی هاوپەیمانان، پەلامار و دووژمنکارییەکانتان هەر شکستدەهێنێت، ناتوانن ئامانجەکانتان بەدەستبێنن، چونکە ئێمە خوامان لەگەڵە، گەلیش تەواو هۆشیارە بۆ شکستپێهێنانی سەرجەم پیلانگيڕییەکانتان".

بەشداربووانی رێپێوان و خۆپێشاندانەکان وەکو جاران درووشمەکانی حوسییەکان دەڵێنەوە، ئەوەی نوێیە ئەوەیە: ئاڵای نیشتمانیی یەمەنیان هەڵگرتبوو ئەمەش وەکو کارتێکی نیشتمانی.

خۆپێشاندانەکە لە رواڵەتدا نمایشکردنی هێز و سەرکەوتن بوو، لە نێوەڕۆکیشدا ئاهەنگ گيڕان بوو بۆ لەنێوبردنی هاوپەیمانی دوێنێ، لەکاتێکدا ئایندەی پارتی کۆنگری گشتی گەلیش نادیار و تەمومژاوییە.
 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە