رووداو دیجیتاڵ
جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە وایکردووە کە داواکارییەکان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین زیندوو ببنەوە و زیاتریش ببن.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاندووە پلانیان هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن، بەو جۆرەش دەستبەرداری سیاسەتی لەمێژینەی وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا دەبن کە پێیانوایە، ئەم هەنگاوە تەنیا دەبێت لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاشتیدا لەگەڵ ئیسرائیل بنرێت.
فەلەستینییەکانیش ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە داوایان پێشكێشکردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامێکی تەواوەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەگوێرەی حکومەتی فەلەستینی، کە فەرمانڕەوایی بەشێکی کەرتی رۆژئاوا دەکات، 137 لە 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن.
لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ناوچەکانی دیکە هەن، بەڵام ئەمریکا، کەنەدا، زۆربەی رۆژئاوای ئەوروپا، ئوسترالیا، ژاپۆن و کۆریای باشووریان تێدا نییە.
ئەمەی خوارەوە پێداچوونەوەیەکی خێرایە بە هەوڵەکانی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی جیهانی:
1988: عەرەفات دەوڵەت رادەگەیێنێت
لە 15ی نۆڤێمبەری 1988، لە ماوەی یەکەمین راپەرینی فەلەستیندا، یاسر عەرەفات، سەرکردەی فەلەستینی، بەشێوەیەکی تاکلایەنانە فەلەستینی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و قودسیشی وەک پایتەختەکەی راگەیاند.
لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەلەستیندا لە جەزائیر، دەوڵەتەکەی راگەیاند. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، چارەسەری دوو دەوڵەتی بە یەکێک لە ئامانجەکانی خۆی دانا، بۆ ئەوەی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و ئیسرائیل لە تەنیشت یەک دابمەزرێنرێن.
چەند خولەکێک دواتر، جەزائیر بووە یەکەمین وڵات دان بە سەربەخۆی فەلەستین دابنێت.
لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمیشدا، دەیان وڵاتی دیکە، لە نێویاندا زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، هیندستان، تورکیا و زۆربەی ئەفریقا و چەندین وڵاتی نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا شوێن پێی جەزائیر کەوتن.
شەپۆلێکی دیکەی دانپێدانان لە کۆتایی ساڵی 2010 و سەرەتای 2011 لە ماوەی پەککەوتنی پرۆسەی ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستیپێکرد.
کۆمەڵێک وڵاتی باشووری ئەمریکا، لە نێویاندا ئەرجەنتین، بەرازیل و چیلی وەڵامی داواکارییەکانی فەلەستینیان دایەوە و دانیان بە سەربەخۆییەکەی دانا.
ئەو هەنگاوە لە کاردانەوەی بڕیاری ئیسرائیلدا هات بۆ هەڵگرتنی قەدەخەی کاتی لەسەر دروستکردنی ئۆردووگا جوونشینەکان لە کەرتی رۆژئاوا.
2011 – 2012: دانپێدانانی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە ساڵی 2011، کە گفتوگۆی ئاشتی چەقی بەستبوو، فەلەستینییەکان بڕیاریاندا دەست بە هەڵمەتێک بکەن بۆ ئەوەی ئەندامێتیی تەواوەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەوڵەتی فەلەستین بەدەستبێنن.
داواکارییەکە شکستی هێنا، بەڵام لە بڕیارێکی رێچکەشکێندا لە 31ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، ئاژانسی کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان، یونێسکۆ فەلەستینی وەک ئەندامێکی تەواو وەرگرت.
بڕیارەکە تووڕەیی ئیسرائیل و ئەمریکای لێکەوتەوە و هەردووکیان یارمەتییەکانیان بۆ ئاژانسەکە وەستاند.
هەروەها لە ساڵی 2018، دەستبەرداری ئەندامێتیی خۆیان لە یونێسکۆ بوون، بەڵام ئەمریکا ساڵی دواتر گەڕایەوە نێوی.
لە نۆڤێمبەری 2012، بۆ یەکەمین جار ئاڵای فەلەستین لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هەڵکرا، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی رەهای دەنگ بڕیاریدا پێگەی فەلەستین بەرزبکاتەوە بۆ "وڵاتی چاودێری نائەندام".
سێ ساڵ دواتر، دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیش فەلەستینی وەک دەوڵەت قبووڵکرد.
2014: سوێد یەکەمین وڵات لە رۆژئاوای ئەوروپا
ساڵی 2014، سوێد کە رەوەندێکی زۆری فەلەستینی لێیە، بووە یەکەمین ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لە رۆژئاوای ئەوروپا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
هەنگاوەکە دوای چەندین مانگ لە تووندوتیژی و پێکدادانی رۆژانە لە رۆژهەڵاتی قودس/ ئۆرشەلیم هات.
پێش ئەوە، شەش وڵاتی دیکەی ئەوروپی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستین دانابوو: بولگاریا، قوبرس، کۆماری چێک، هەنگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا.
ئیسرائیل کاردانەوەی تووندی بەرامبەر بڕیارەکەی ستۆکهۆڵم هەبوو.
2024: هەوڵێکی نوێی دانپێدانان لە ئەوروپا
ئیسپانیا تاکە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا نییە کە بیر لەوە دەکاتەوە بچێتە پاڵ سوێد. ئاداری ئەم ساڵ، لە کاردانەوەی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری ژن و منداڵانی غەززە بە دەستی ئیسرائیل، سەرکردەکانی ئایرلاند، ماڵتا و سلۆڤینیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ سانچێزی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، ئامادەیی خۆیان بۆ داننان بە فەلەستین لە هەلومەرجی گونجاودا، نیشاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ