هەسەدە: جوڵەمان بە هێزەکانمان نەکردووە

04-12-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رەتیدەکاتەوە، جوڵەى بەهێزەکانى کردبێت بە ئاراستەى رۆژهەڵاتى حەلەب و دەڵێت: "هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەى دابەشبوونى سەربازیى هێزەکانمان نییە".
 
رۆژی 4ى کانوونى یەکەمى 2024، ناوەندى راگەیاندنى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) لە روونکردنەوەیەکدا رەتیکردەوە، هێزەکانیان هیچ جوڵە و پێشڕەوییەکیان کردبێت بەرەو رۆژهەڵاتى شارى حەلەب و رایگەیاندووە: "ئەو دەنگۆیانە راست نین."
 
تەواوی شارى حەلەبى سووریا بەدەست هێزەکانى دەستەى تەحریرى شامەوەیە، تەنیا شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نەبێت، کە دوو گەڕەکى کوردنشینن و هێشتا هێزەکانی یەپەگە لەوێن.
 
هەسەدە رایگەیاندووە، کە لە دوو رۆژى رابردوودا بەرپەرچى چەند هێرشێکى گرووپە چەکدارەکانیان داوەتەوە لەو ناوچانەى لە ژێر دەسەڵاتى ئەنجوومەنى مەنبج و تەبقە بوون و چەندین کەسیان لێ کوشتوون و هەندێکى دیکەیان لێ بەدیل گرتوون.
 
لە 27ـی تشرینى دووەمی 2024ـەوە، چەکدارانى دەستەى تەحریر شام چەند ناوچەیەکى سووریایان کۆنترۆڵ کرد لەوانەش بەشی زۆری حەلەب و تەواوی پارێزگەی ئیدلب. ئێستاش لە چەند ناوچەیەک لەگەڵ سوپاى سووریا لە رووبەڕووبوونەوەدان بۆ ئەوەى کۆنتۆڵى بکەن، لەوانە شاری حەما.
 
1ی کانوونى یەکەمى 2024، دەستەى تەحریرى شام پەیامێکى ئاراستەى هێزەکانى هەسەدە کرد و پێشنیازى بۆ کرد بە چەکەکانیانەوە لە شارى حەلەب و بەشێوەیەکى پارێزراو بەرەو باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بچن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە