رووداو-هەولێر
لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا، هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی دەبینن. پێشهاتە خێرەکانی سووریا ئەوانی خستووە ئامادەییەوە. لوولەی تانکەکانیان روو کردووەتە سنووری سووریا و بەگوتەی خۆیان، سنوور لە هەر دزەکردنێکی گرووپە چەکدارەکان دەپارێزن.
سەلام عەزیز، یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی دەڵێت: "هێزەکانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری جیاکەرەوەی نێوان عێراق و سووریا دەستیان کردووە بە تۆکمەکردنی هێڵی بەرپەرچدانەوە لەم دیوەی سنوور، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی ناوچەی سنووریی بە ئاراستەی بیابان و بۆ راوەدوونانی هەر جموجۆڵێکی داعش و پشتیوانیکردنی هێزەکان رووەو سنووری سووریا".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی باس لەوە دەکات، شەش فەوجی کۆماندۆیان ئامادەکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی لەم دیوی سنوور، لە وادی عجێج لە باشوور تاوەکو سنووری یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەنبار.
زیاد رەعد برکی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی سەربازییە حەشدی شەعبییە و دەڵێت: "بەدرێژایی نزیکەی 60 کیلۆمەتر هەروەک دەیبینن، ئامێرەکانمان دەستیانکردووە بە دروستکردنی خاڵ. هەروەها لە قەزای شنگالەوە کەرەڤانەمان گواستووەتەوە سەر سنوور بەدرێژایی 100 بۆ 150 کلیۆمەتر".
لەگەڵ ئەوەی باس لە چوونی گرووپی چەکداری حەشدی شەعبی دەکرێت بۆ سووریا، بەڵام فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رەتیکردەوە چەکدارانی گرووپەکە لە سووریا هەبێت و گوتی، لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
فەییاز، بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانیان سەردانی سنووری نەینەوای کرد. هاوکات بۆ دڵنیابوونی زیاتر لە تووندوتۆڵیی سنوور، سوپاسالار و جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، سنووری عێراق-سووریایان بەسەرکردەوە.
بەگوتەی میقداد میرى، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، یەکەم جارە لە مێژووى وڵاتەکەدا، سنوورەکەی بەم شێوەیە تۆکمە بکرێت.
عێراق سێ هەزار و 716 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ هەیە کە زیاتر لە 600 کیلۆمەتری لەگەڵ سووریایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ