سێنتکۆم: لە دەریای سوور هێرش کرایە سەر سێ کەشتیی بازرگانی

04-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم دەڵێت، رۆژی یەکشەممە 03-12-2023 لە دەریای سوور هێرش کراوەتە سەر سێ کەشتیی بازرگانی. حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشەکان راگەیاند. سێنتکۆم، ئێران بە پشتیوانیکردن لە هێرشەکان تۆمەتبار دەکات و هەڕەشە دەکات کە ئەمریکا بیر لە "هەموو وەڵامێکی گونجاو" دەکاتەوە.
 
سێنتکۆم دەڵێت، "ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر بازرگانیی جیهانی و ئاساییشی دەریاگەری." ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکان "ژیانی کەشتیوانە نێودەوڵەتییەکانی خستووەتە مەترسییەوە، کە نوێنەرایەتیی چەندین وڵاتی سەرانسەری جیهان دەکەن."
 
لەنێوان ئەفریقا و نیمچە دوورگەی عەرەبی، رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی جیهانی بە دەریای سووردا دەڕوات.
 
دوای هێرشی 7ی تشرینی یەکەمی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بۆ سەر دەوروبەری کەرتی غەززە و هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی یەمەنەوە ژمارەیەک هێرشی مووشەکی بە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
 
ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکانی رۆژی یەکشەممە بە پشتیوانیی ئێران کراون. سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "هەموو هۆکارێکمان هەیە بۆ ئەوەی بڕوا بکەین کە ئەم هێرشانە لەلایەن ئێرانەوە توانادار کراون. ئەمریکا، بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی، بیر لە هەموو وەڵامێکی گونجاو دەکاتەوە."
 
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریاش کەوتوونەتە بەر هێرشی درۆنی و مووشەکیی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و ئەمریکاش ژمارەیەک هێرشی لە تۆڵەی ئەوەدا کردووەتە سەریان، ئەمە وەکو پێنتاگۆن پشتڕاستی دەکاتەوە.
 
ئەو سێ کەشتییەی کە رۆژی یەکشەممە هێرشیان کراوەتەسەر، بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم کە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە (بە کاتی هەولێر) بڵاوکراوەتەوە، یەکێکیان ناوی Unity Explorerـە و لە لایەن بەریتانیاوە خاوەندارێتی دەکرێت، بەڵام هەڵگری ئاڵای دوورگەکانی بەهاماسە؛ دووەمیان کەشتیی Number 9ـە کە هەڵگری ئاڵای پەنەمایە و لە لایەن بەرموودا و بەریتانیاوە خاوەندارێتی و کاری پێ دەکرێت؛ سێیەمیشیان کەشتیی Sophie IIیە کە ئەویش هەڵگری ئاڵای پەنامایە، واتە لەو وڵاتە تۆمارکراوە و بە گوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە کار دەکات.
 
بە گوتەی سێنتکۆم، هێرشە مووشەکییەکان لە ماوەی 7 کاژێردا لە رۆژی یەکشەممە کرابوون؛ یەکەمیان کرابووە سەر Unity Explorer ئەگەرچی مووشەکەکە بەر کەشتییەکە نەکەوتبوو و لە شوێنێکی نزیک لێی تەقیبووەوە؛ دواتر جارێکی دیکە هێرشکرابووە سەر Unity Explorer کە ئەمجارە "زیانی بچووک"ی پێ گەیاندبوو؛ دواتر مووشەکێک بەر کەشتیی Number 9 کەوتبوو و کاژێرێک دوای ئەوە بە مووشەک لە Sophie IIـيش درابوو.
 
بە گوێرەی سێنتکۆم، هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە. لە کاتی هێرشەکاندا، کەشتیی تێکشکێنەری USS Carneyی ئەمریکی لەو ناوچەیە لە ئەرکدابووە، یارمەتیی کەشتیە بازرگانییەکانی داوە و سێ درۆنی خستووەتە خوارەوە، ئەمە وەک سێنتکۆم باسی دەکات و "لانیکەم یەکێک لەو درۆنانە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانەوە لە یەمەن تەقێندرابوو."
 
کەشتییە سەربازییەکە هیچ زیانێکی بەرنەکەوتبوو، روونیش نییە کە ئایا یەکێک بووە لە ئامانجی هێرشەکان یان نا. کەشتییەکە لە چەند هەفتەی رابردووشدا ژمارەیەک مووشەک و درۆنی خستووەتە خوارەوە.
 
حوسییەکان رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی، چونکە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبووە و "هۆشدارییەکانی ئێمەیان رەتکردووەتەوە."
 
حوسییەکان دەڵێن، "بەردەوام دەبین لە رێگریکردن لە هاتووچۆی کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور و دەریای عەرەب تاوەکو ئەو کاتەی دووژمنکاریی ئیسرائیلی دژی برا خۆڕاگرەکانمان لە کەرتی غەززە کۆتایی دێت."
 
بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ میدیای وڵاتەکەی پشتڕاستی کردووەتەوە، بەشێک لەو کەشتییانەی هێرشیان کراوەتە سەر، پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
 
حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون؛ هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی و بیانی لە لایەن حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە بە بارمتە گیران.
 
لە تۆڵەی ئەوەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 15 هەزار و 207 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە لانیکەم 6 هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریان ژنن، ئەمە وێڕای برینداربوونی سەرووی 40 هەزار و 650 کەسی دیکە کە 70٪یان منداڵن، بێسەروشوێنبوونی شەش هەزار و 800ی دیکە و ئاوارەبوونی 1.7 ملیۆنی دیکەیان.
 
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لە لایەن جووە هاوردەکانەوە.
 
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199 دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللـەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە