رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بڕیاریداوە پشوو بە سەربازە شەڕکەرەکانی نەدات.
ئەم بڕیارەی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، گرژییەکان لەگەڵ تاران زیاتر بوون.
هەروەها "بەهۆی هەڕەشە روونەکانی ئێران،" سوپای ئیسرائیل داوای لە ژمارەیەکی زیاتری سەربازە یەدەگەکانی کردووە بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.
سوپای ئیسرائیل لا نامەیەکی تەلەگرامدا دەڵێت: "مۆڵەتی رۆشتنەوە بۆ هەموو یەکە شەڕکەرەکان بە شێوەیەکی کاتی هەڵدەپەسێردرێت."
سوپای ئیسرائیل هەروەها گوتی، دوای "هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیاردرا بە زیادکردنی هێزی کار و گەڕاندنەوەی سەربازە یەدەگەکان بۆ هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل."
لە دوای هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری حەماسەوە بۆ سەر ئوردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، ئیسرائیل دەستی بە هێرشی فراوانی ئاسمانی وزەوینی کرد بۆ سەر کەرتەکە، هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانیشی دژی پێگەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی تاران لە سووریا و لوبنان زیادکردووە.
هەروەها لەو کاتەوە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان بە درێژایی سنووری نێوانیان، رۆژانە یەکدی تۆپباران و هاوەنباران دەکەن.
دوای هێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی دووشەممە بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی 16 کەس، گرژییەکان زیاتر هەڵچوون.
حەوت لەوانەی کوژران، ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران بوون کە دووانیان جەنەراڵ بوون.
پێنج لەوانەی دیکە چەکداری سووری و یەکێک چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان و دووی دیکە سڤیل بوون.
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتی: "بە پشتیوانیی خوا، رژێمی زایۆنی لە تاوانە دوژمنکارانەکەیان دژی کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق پەشیمان دەکەینەوە."
ئیمانوێل ناڤۆن، مامۆستای زانستە رامیارییەکان لە زانکۆی تەلئەڤیڤ پێیوایە، زیادبوونی ئەم توندوتیژیانە بە واتەی ئەوە دێت کە "پێناچێت بتوانرێت رێگری لە دروستبوونی جەنگێکێک لە باکوور بکرێت،" واتە لە لوبنان.
جەنگی غەززە بە هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا نزیکەی 170 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.
چەکدارانی فەلەستینی هەروەها 250 کەسیان بە بارمتە گرت، 130یان لە غەززە ماون، 34 لەوانە بە مردوویی.
هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر غەززە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 33 هەزار و 37 کەس، کە بەشی هەرە زۆریان ژن و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ