وردەکاریی هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکان لە 13 ناوچەی یەمەن

04-02-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا و بەریتانیا 36 پێگەیی حووسییەکانیان لە 13 شوێنی یەمەن بۆردوومان کرد؛ ئەوەش وەکو هەوڵێکی دیکە بۆ لاوازکردنی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە ناوچەکە، کە لەدوای جەنگی غەززەوە هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زیادکردووە.
 
ئەمجارەش، پێچەوانەی داواکاریی بەشێکی بەرچاوی بەرپرسانی واشنتن، ئەمریکا هێرشی راستەوخۆی نەکردە سەر ئێران، لە کاتێکدا ئیدارەی بایدن دەیەوێت هاوسەنگییەک لەنێوان پێشاندانی هێز و رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێدا بکات.
 
ئەم هێرشانە کە بە گوتەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا - سێنتکۆم، دەوروبەری کاژێر 11:30ی شەوی شەممە بە کاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) دەستیان پێکرد، لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە و بەریتانیاوە کراون. ئەو هێرشانە رۆژێک دوای ئەوە هاتن کە ئەمریکا لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی خۆیدا لە ئوردن، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر دەیان پێگەی نێو عێراق و سووریا، گوایە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران و فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەکارهێندراون.
 
شەوی رابردوو، فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکیی F/A-18 کە لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری USS Dwight D. Eisenhowerـەوە فڕیبوون، هەروەها فڕۆکەی Typhoon FGR4ی بەریتانیا لە ئاسمانەوە پێگەی حووسییەکانیان بۆردوومان کرد.
 
لە دەریاشەوە، هەردوو کەشتیی تێکشکێنەری ئەمریکی، USS Gravely و USS Carney بە هاوێشتنی مووشەکی تۆماهۆک لە دەریای سوورەوە، بەشداربوون، ئەمەش بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا.
 
دوای کوژرانی سەربازەکانی لە بنکەی تاوەر 22 لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن لە 28ی کانوونی دووەم، ئەمریکا هۆشداریی دا کە وەڵامەکەی لە یەک شەو، یەک ئامانج و یەک گرووپدا کورتنابێتەوە. ئەگەرچی هیچ ئاماژەیەک نییە کە لە کوژرانی ئەو سێ سەربازە ئەمریکییە تێوەگلابن، لەدوای جەنگی غەززەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، حووسیەکان بوونەتە نەیارێکی سەرەکیی ئەمریکا.

 

 
حووسییەکان بەشێوەیەکی نیمچە رۆژانە هێرشی درۆنی و مووشەکییان لە دژی کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی نێو دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ئەنجامداوە و وێڕای گوشاری سەربازیی ئەمریکا و بەریتانیا، روونیانکردووەتەوە کە دەستبەرداری هێرشەکانیان نابن.
 
بەرپرسێکی حووسییەکان بە ناوی محەممەد بوخەیتی گوتی، "گرنگ نییە باجەکەی لەسەر ئێمە چی دەبێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئیسرائیل بەردەوامدەبن تا ئەو کاتەی تاوانی جینۆساید لە غەززە دەوەستێنرێت و گەمارۆی سەر دانیشتووانیشی هەڵدەگیرێتەوە."
 
بەرپرسەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەشڵێت، "دوژمنکاریی ئەمریکا و بەریتانیا دژی یەمەن بێ وەڵام نامێنێتەوە؛ ئێمە گرژی بە گرژی وەڵامدەدەینەوە."
 
ئیدارەی بایدن ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمانە دوایین هێرش نابن و زیاتر بەڕێوەیە. ئەمریکا هێرشەکەی ئوردنی خستووەتە ئەستۆی گرووپێک کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات و لە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران پێکدێت. ئێران هەوڵیداوە بەرپرسیارێتیی هێرشەکە لە خۆی دووربخاتەوە و رایگەیاندووە کە گرووپە چەکدارەکان سەربەخۆیانە و لە دەرەوەی فەرمانی تاران کاردەکەن.
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێرشەکانی شەوی رابردوو بە پشتیوانیی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا، دانیمارک، هۆڵەندا و نیوزیلاند کراون، کە ئەوە بە گوتەی خۆی، "پەیامێکی روون بە حووسیەکان دەدات بەوەی بەردەوام رووبەڕووی لێکەوتەکان دەبنەوە ئەگەر کۆتایی بە هێرشە نایاساییەکانیان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتی و سەربازییەکان نەهێنن."
 
ئۆستن هەروەها گوتی: "ئێمە لە بەرگریکردن لە ژیان و جووڵەی ئازادانەی بازرگانی لە یەکێک لە گرینگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان سڵناکەینەوە."
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، هێرشەکانی شەوی رابردوو "کۆگاکانی چەک کە لە قووڵایی زەویدا شاردراونەتەوە، هەروەها مووشەکهاوێژ، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، رادار و هێلیکۆپتەرەکانی" حووسیەکانیان کردوونەتە ئامانج. 
 
ئامانجێکی دیکە لە هێرشەکانی سەر یەمەن جەختکردنەوەی ئەو پەیامەیە بۆ ئێران کە واشنتن تاران رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکاتەوە لە بەرامبەر چەکدارکردن، پارەدارکردن و مەشقپێکردنی گرووپە چەکدارەکان، لە حیزبوڵڵای لوبنانەوە تا دەگاتە حەماسی فەلەستینی، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و حووسیەکانی یەمەن، کە لە پشت هێرشەکانی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
ئەو ڤیدیۆیانەی لە لایەن دانیشتووانی سەنعاوە بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن کە لەگەڵ رووناکبوونەوەی ئاسمان بەهۆی بڵێسەی تەقینەوەکانەوە، گرمەی گەورە دەبیسترێت. بەشێک لەوانە، باس لەوە دەکەن باڵەخانەیەکی سەر بە سەرۆکایەتیی یەمەن کرابێتە ئامانج. میدیای حووسییەکان رایگەیاند، پارێزگەکانی بەیدا، زەمار، حەجە، حودەیدە، تەعز و سەنعا کەوتوونەتە بەر هێرش. 
 
 
چەند کاژێرێک پێش ئەو هێرشانە، ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی دیکەی ئاسمانی کردبووە سەر شوێنەکانی ژێرکۆنترۆڵی حووسییەکان و شەش مووشەکی کرووزی دژە کەشتیی لەنێوبردن کە گوایە بۆ هێرشكردنەسەر کەشتییەکان ئامادەکرابوون. رۆژێک پێش ئەوەش، کەشتیی تێکشکێنەری ئەمریکی بە ناوی Laboon لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی لە جۆری  F/A-18 کە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەرەوە فڕیبوون، حەوت درۆنیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسیەکان خستنە نێو دەریای سوورەوە. هەروەها کەستیی تێکشکێنەری Carney درۆنێکی تێکشکاند کە لە کەنداوی عەدەنەوە هەڵدرابوو. جگە لەوە، ‌هێزەکانی ئەمریکا چوار درۆنی دیکەیان لەسەر زەوی لەنێوبردن کە ئامادەی هەڵدان کرابوون. 
 
ژمارەیەک کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی، لە ترسی هێرشی حووسیەکان رێگەی خۆیان لە دەریای سوور لاداوە و ناچار بوون رێگەیەکی درێژتر بگرنەبەر و بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا بسوڕێنەوە، کە ئەوە هەروەها تێچووی گواستنەوەی لەسەریان زیادکردووە. لە کاردانەوەی ئەو هەڕەشانەدا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هێزێکی هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی پێکەوە چەترێکی پارێزەری ئاسمانی بۆ کەشتییەکانیان دروستبکەن. 
 
لە دۆخێکی ئاساییدا، بەردەوام 400 کەشتی لە باشووری دەریای سووردا دەبیندران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە