رووداو دیجیتاڵ
ئەکتەرانی بەنێوبانگی جیهان بەشداریی لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە دەکەن. بەشێکی فێستیڤاڵەکە تایبەت کراوە بە هاندانی گەنجانی بواری فیلم کە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەرهێنەر و ئەکتەرانی جیهانی دەدەن.
سینسیا و نوور خەڵکی ئوردنن، مورادیش خەڵکی میسرە و هەر سێکیان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور وەکو ئەستێرەی سینەمای عەرەبی بۆ داهاتوو دەستنیشانکراون، ئەم بەشەی فێستیڤاڵەکە تایبەتە بە پێشاندان و پشتگیریکردنی گەنجانی عەرەب بۆ ئەوەی لە سینەمادا پێشبکەون، نوور تەمەنی 24 ساڵە لە چوار فیلم رۆڵی هەبووە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەونی بوون بە ئەکتەرێکی ئەستێرە سەرتاپای هزر و هۆشی داگیرکردووە.
نوور تاهیر دەڵێت، "شوێنێکی زۆر باشە بۆ دروستکردنی پەیوەندی، ئەم بەیانییە دوو دەرهێنەری گەورەم بینی لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی زۆر باش، بەڕاستی لەم شوێنە دەتوانی پەیوەندیی گرنگ دروستبکەیت، فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور بووەتە جێگەیەک بۆ ئەوەی کەسی باش و کاری باش بدۆزیتەوە."
خەڵکی یەک لەدوای یەک دەچنە نێو هۆڵی بیرۆکە سینەماییەکان، ئەکتەر و دەرهێنەر و پرۆدیوسەری فیلم لە نەتەوە و وڵاتی جیاواز لە نێو هۆڵەکە بیرۆکە دەگۆڕنەوە و باسی روانگەی نوێ بۆ سینەما دەکەن و باشترین بیرۆکەکان بە بڕێک پارە پشتگیری دارایی وەردەگرن.
کلارا ئەکتەرێکی بەنێوبانگی کرواتییە و لە چەند فیلم و زنجیرەیەک بەشداربووە کە لە نێتفلێکس بڵاوکراونەتەوە، ئەو لێرەیە تا چەند بیرۆکەیەک لەگەڵ خۆی بباتەوە کرواتیا.
کلارا موچی، ئەکتەری کرواتی دەڵێت، "شتی زۆر باشم لەسەر فێستیڤاڵەکە گوێ لێببوو، بیستبووم کە دەرهێنەر و پرۆدیوسەری ئەوروپیی بەنێوبانگ هاتبوون بۆ ئێرە و زۆر باش باسیان دەکرد و دەیانگوت دوو فێستیڤاڵی رابردوو زۆر گرنگ بوونە، رێکخستنی زۆر باشبووە و لەم فێستیڤاڵە خەڵک رێکلام بۆ پرۆژەکانیان دەکەن بۆیە پێمان وابوو ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە، خەڵکی ئێرە زۆر هاوکار و میواندۆستن. زۆر ئاسوودەم لەم وڵاتە."
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور هەر رۆژێک بە چالاکی و بەشی جیاوازتر دەوڵەمەندتر دەبێت، لە دوای رۆژی سێیەمی فێستیڤاڵەکە بەشێک کراوەتەوە بە ناوی بازاڕی فێستیڤاڵ کە تێیدا کۆمپانیاکان و ئەوانەی لە پیشەسازیی فیلمدا لە سعودیە کار دەکەن، هەوڵی دروستکردنی هاوئاهەنگی و بزنسی گەورەی سینەمایی دەدەن.
یوسرا، ئەکتەری نێوداری میسری دەڵێت، "ئەو فێستیڤاڵەم خۆشدەوێ، چونکە سینەمام خۆشدەوێ. ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتی گەورە بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت، ئەوانەی خەونی سینەمایان هەیە تا خەونەکانیان بهێننەدی. ئەوە جادووی فێستیڤاڵەکەیە."
پیشەسازیی فیلم لە جیهاندا قەبارەیەکی گەورەی هەیە و لە ساڵی 2022 بە زیاتر لە 97 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە و پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2030 قەبارەکە بۆ نزیکەی 170 ملیار دۆلار گەورەتر بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ