سوپای بەریتانیا: تەقینەوەیەک لە گەرووی بابولمەندەب روویدا

03-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای بەریتانیا دەڵێت، تەقینەوەیەک لە گەرووی بابولمەندەب روویداوە کە یەکێکە لە رێڕەوە ئاوییە هەرە گرنگەکانی جیهان و دەکەوێتە نزیک یەمەن. 

هێزی ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بازرگانییەکانی سەر بە سوپای بەریتانیا هۆشداریی بە کەشتی و پاپۆڕە بازرگانییەکان دا کە تەقینەوەیەک لە دەروازەی بابولمەندەب روویداوە، کە رۆژ‌هەڵاتی ئەفریقا لە نیمچەدوورگەی عەرەبی جیادەکاتەوە. 
 
هێزەکە هەروەها باس لەوە دەکات کە جموجوڵی درۆنەکانیش بە ئاسمانی ناوچەکەوە بینراوە. 
 
بابولمەندەب دەریای سوور بە کەنداوی عەدەنەوە گرێدەدات. ئەو ناوچەیە لە چەند هەفتەی رابردوودا زنجیرەیەک رووداو و هێرشی بەخۆیەوە بینیوە کە دەخرێنە ئەستۆی حووسییەکانی لایەنگری ئێران، دوای هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر ئیسرائیل. 
 
حووسییەکان تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە بەرپرسارێتیی خۆیان لەو تەقینەوەیە دەرنەبڕیوە کە سوپای بەریتانیا باسی دەکات. 
 
هەر لەم مانگەدا، حووسییەکان لە دەریای سوور دەستیان بەسەر کەشتییەکی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکاندا گرت کە پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەبوو. کەشتییەکە تائێستا لە بەندەری حودەیدای لەژێر دەستی حووسییەکانە. 
 
هەروەها 27ـی تشرینی یەکەم، سوپای ئەمریکا رزگارکردنی کەشتییەکی پەیوەندیدار بە ئیسرائیلی لە دەستی ژمارەیەک چەکدار لە سنوورە ئاوییەکانی یەمەن راگەیاند، کە دواتر دەرکەوت رفێنەرەکانی سۆماڵی بوون. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە