حەماس: ژمارەیەکی زۆر سەربازی سوپای ئیسرائیلمان کوشتوون

03-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی - حەماس دەڵێت، لە رێگەی تەقاندنەوەی بۆمبی چێندراوەوە، ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئیسرائیلیان کوشتوون.
 
قەسام رۆژی یەکشەممە 03-12-2023 لە رێگەی تەلەگرامەوە رایگەیاند، لە شوێنێک کە 60 سەربازی ئیسرائیلی تێیدا کۆببوونەوە، بۆمبێکی تەقاندووەتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆریانی لێ کوشتوون.
 
هاوکات قەسام باس لەوە دەکات، شەوی رابردوو "لە وەڵامی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل"دا دژی خەڵکی سڤیلی غەززە، تەلئەڤیڤی بە مووشەک بۆردوومان کردووە و "هێزێکی پیادەی زایۆنی"شی لەنێو باڵەخانەیەکدا لە باکووری کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج و ژمارەیەکی لێ کوشتوون.
 
بەیانیی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەوی رابردوو ئەفسەرێکیان لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کوژراوە؛ هەروەها سەربازێکی دیکەیان کە لە چەند رۆژی رابردوودا بریندارببوو، شەوی رابردوو گیانی لەدەستداوە.
 
ئاماری ئاشکراکراوی کوژراوانی سوپای ئیسرائیلیش لە 7ی تشرینی یەکەمەوە بۆ 398 سەرباز بەرزبووەوە.
 
بۆردوومانی تووند
 
ئەمڕۆ، لە 58ـەمین رۆژی جەنگەکەدا، ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردوومان کرد، لە کاتێکدا گوشاری نێودەوڵەتی لەسەری زیاد دەبێت بۆئەوەی خەڵکی سڤیل نەکاتە ئامانج و ئاگربەستی ماوەبەسەرچوو لەگەڵ حەماس نوێبکاتەوە.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەو کاتەوەی لە رۆژی هەینی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکە کۆتاییهاتووە، زیاتر لە 400 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر غەززە. حکومەتی کەرتی غەززەش رایگەیاند، لانیکەم 240 کەس لەو کاتەوە کوژراون.
 
حکومەتی غەززە رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، لانیکەم 7 کەس لە نزیک سنووری باشووری غەززە لەگەڵ میسر کوژران.
 
ئیسرائیل هەروەها کەمپی ئاوارەکانی نوسەیراتی لە نێوەڕاستی غەززە بۆردوومانکرد و لانیکەم 13 کەسی کوشت، ئەمە بەگوێرەی میدیای فەرمیی فەلەستینی.
 
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە رەخنەی لە زیادبوونی ژمارەی کوژراوانی سڤیل گرت.
 
هاریس لە کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بێگوناهی فەلەستینی کوژراون. بە راشکاوی، قەبارەی نەهامەتیی خەڵکی سڤیل و ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە غەززەوە دێن، ناخهەژێنن."
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 1.7 ملیۆن کەس لە نێو غەززەدا ئاوارەبوون کە دەکاتە زیاتر لە سێ چارەکی دانیشتووانی.
 
رۆژی یەکشەممە، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ناتوانم وشەیەکی وا بەهێز بدۆزمەوە بۆ ئەوەی نیگەرانیی خۆمان پێی دەرببڕم لە بەرامبەر ئەو شتەی کە دەیبینین."
 
فازل نەعیم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب لە شاری غەززە گوتی، رۆژی شەممە، ساردخانەی نەخۆشخانەکە 30 تەرمی پێ گەیشتووە کە حەوتیان منداڵ بوون.
 
نەمر بێل، هاووڵاتیی تەمەن 43 ساڵی کەرتی غەززە دەڵێت، 10 کەسی خێزانەکەی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە کوژراون و هێشتا 13ـی دیکەشیان لە ژێر داروپەردوودا ماون؛ دەشڵێت، "فڕۆکە جەنگییەکان ماڵەکانیان بۆردوومانکردین؛ بە سێ مووشەک، سێ خانوو خاپوورکران."
 
بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، خەڵکی غەززە بەدەست کەمیی خۆراک، ئاو و پێداویستییەکانی دیکەوە دەناڵێنن و زۆر ماڵ وێرانکراون. ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باری کارەساتی مرۆییان لە کەرتەکە راگەیاندووە.
 
پاسکال هەند، سەرۆکی کارەکانی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە دەڵێت، "ماڵەکان، نەخۆشخانەکان و ژێرخانی دیکەی گرنگ بۆ زیندوومانەوەی خەڵکی سڤیل تووشی وێرانکاری گەورە بوون. ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، بوار بە کاری مرۆیی کاریگەر نادات و دەترسم کارەساتێکی بۆ خەڵکی سڤیل لێ بکەوێتەوە."
 
بە گوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لانیکەم 15 هەزار و 207 فەلەستینی کوژراون و 40 هەزار و 652ی دیکەش برینداربوون.
 
حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل لەو رۆژەدا هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون؛ هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی لە لایەن حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە بە بارمتە گیران.
 
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لە لایەن جووە هاوردەکانەوە.
 
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، واتە لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199 دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللـەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە