رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، سووریا ئامادە نییە کێشەکان چارەسەر بکات. دەشڵێت، لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە یارمەتیدانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بهێنن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی شەممە، دووی تشرینی دووەمی 2024 لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا گوتی "تێگەیشتووین کە ئەسەد و هاوبەشەکانی ئامادەنین رێککەوتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بکەن و رێگە بدەن دۆخێکی ئاسایی رووبدات."
ئاماژەی بەوەش دا، پرسی سەرەکی بۆ تورکیا؛ کۆتاییهاتنی هاوکاریی نێوان ئەمریکا و یەپەگەیە، لەسەر ئەو بابەتەش لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن.
فیدان گوتی "بۆ ئێمەم پرسی سەرەکی نەهێشتنی پەکەکە-یەپەگەیە لە ناوچەکە کە بە پاڵپشتیی ئەمریکا یەک لەسەر سێی خاکی سووریایان داگیرکردووە. لە هەموو دیدارێکدا بە ئەمریکییەکان دەڵێین، پێویستە کۆتایی بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە سووریا بهێنن. بەم شێوەیە دەتوانرێت گفتوگۆی دوولایەنەمان وەک نیشانەی پێشکەوتن لێکبدرێتەوە."
سەبارەت بە بارودۆخی ئەم دواییەی حکومەتی سووریاش، رایگەیاند ئەوان ئامادە نین کێشەکان چارەسەر بکەن و لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، گرژییەکان زیاتر دەبن.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکرد، تورکیا پشتیوانی لە بەشێکی ئەو گرووپە چەکدارانە کرد، کە هەوڵی رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان دەدا. ئەنقەرە هێشتاش هێزی لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
لە ساڵی 2022ـەوەوە بەرپرسانی باڵای سووریا و تورکیا چەند جارێک بە نێوەندگیریی رووسیا کۆبوونەتەوە. مۆسکۆ دەیەوێت هەردوولا ئاشتبکاتەوە.
لە کانوونی یەکەمی 2022ـدا، وەزیرانی بەرگریی تورکیا، سووریا و رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە؛ ئەوە یەکەمین کۆبوونەوە بوو لەدوای ساڵی 2011ـەوە کە وەزیرانی دوو وڵاتە دراوسێیەکەی کۆکردبێتەوە.
رووسیا پاریش نێوەندگیریی بۆ کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەردوولا کرد؛ بەڵام گفتوگۆکان چەقیان بەستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ