رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

چەند پشتیوانکارێکی حووسییەکان درۆنێکیان بەدەستەوە گرتووە و لە دژی ئیسرائیل خۆپێشاندان دەکەن. وێنە: AP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەی حووسییەکان رایدەگەیێنێت، ئەوان چاودێری ئاگربەستی غەززە دەکەن و لە ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەستەکەش، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.
عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکانی یەمەن لە گوتارێکی تەلەفیزیۆنیدا رۆژی پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، گوتی: "لەم سێ رۆژەی پێش ئەوەی ئاگربەستی غەززە جێبەجێ بکرێت، چاودێری دۆخی فەلەستین دەکەین. ئەگەر کوشتاری ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئێمەش ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبن."
سەرکردەی حووسییەکان دەشڵێت: "لە هەر قۆناخێک دووژمن لە رێککەوتنەکە بکشێتەوە، ئامادە دەبین بۆ ئەوەی یارمەتی سەربازی پێشکێش بە برا فەلەستینییەکانمان بکەین."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە ئۆکتۆبەری 2023، حووسییەکانی یەمەن وەکو هاوسۆزی بۆ گەلی فەلەستین، زیاتر لە 100 هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بە رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور دا تێدەپەڕن، دوو کەشتی بەوهۆیەوە ژێر ئاو کەوتوون و لانیکەم چوار دەریاوانیش کوژراون.
بەگوێرەی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، لەو کاتەوە "حووسییەکان بەبەکارهێنانی درۆن و مووشەک، زیاتر لە 220 هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و زۆربەی هێرشەکان لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچدراونەتەوە."
هێرشی حووسییەکان، کەشتییە بازرگانییەکانی ناچار کردووە خۆیان لە دەریای سوور بەدووربگرن، کە رێڕەوێکی گرنگە و 12%ـی کۆی بازرگانیی ئاویی جیهانی پێدا دەڕوات.
ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرش و زیانەکانی حووسییەکان، بە هاوبەشیی چەند وڵاتێک هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی دەریای سوور راگەیاند، لەوانەش بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، یۆنان و ئیسپانیا.
رۆژی 15ـی ئەم مانگە، ئەمریکا، قەتەر و میسر کە رۆڵی نێوەندگیر دەبینن رایانگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە بە زیندانییەکان رێککەوتن.
لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر بۆ کەرتی غەززە دەدات و سوپاکەی لە شوێنە ستراتیژییەکان و سڤیلنشینەکان دەکشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ