رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس)ی فەلەستینی داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکات، یارمەتیی ئەمریکا نەدەن لەو هەنگاوانەی کە لەم کاتەدا لە ناوچەکە دەیاننێت، چونکە بە گوتەی خۆی، جووەکانی واشنتن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دوای شەڕی حەماس - ئیسرائیل، "گوماناوین".
غازی حەمەد، ئەندامی باڵای مەکتەبی سیاسیی حەماس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە لوبنان دەڵێت: "هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ ئەوەن تاوەکو بەرگری لە هێرشە دڕندەکانی سەر غەززە بکات و یارمەتیی بۆ داگیرکار مسۆگەر بکات یان چارەسەری سیاسی بسەپێنێت."
ئەوە لە کاتێکدا کە رۆژی سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە گەڕانەوەی حکومەتی دانپێدانراوی فەلەستینی بۆ غەززە لە دوای ئەم جەنگە، "لەبارترین ئەگەرە."
لە 7ـی مانگی رابردووەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست نییە و دۆخی مرۆیی غەززەش بەردەوام بەرەو خراپی دەڕوات.
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی نەبوونی کارەبا و ئاو و بەردەوامی هێرشەکان، کەرتی غەززە لە خراپترین دۆخدایە و تائێستاش زیاتر لە هەشت هەزار و 700 کەس کوژران و زیاتر لە 22 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ