سوپای ئیسرائیل دەڵێت شاری غەززەیان گەمارۆداوە

03-11-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هێزەکانیان شاری غەززەیان لە باکووری کەرتی غەززە گەمارۆداوە، کەتائیبی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازیی حەماسیش هۆشداری بە ئیسرائیل دا کە سەربازەکانی لەنێو "کیسەی رەشدا" دەباتەوە. 
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل شەوی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "سەربازانی ئیسرائیلی گەمارۆدانی شاری غەززە، ناوەندی رێکخراوی تیرۆرستی حەماسیان تەواوکردووە." هەروەها لەو گەمارۆیەدا دوو سەربازی دیکەیان کوژراون، بەوەش کۆی گشتیی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لەنێو غەززەدا کوژراون، گەیشتە 20 سەرباز.
 
کۆی گشتیی ئەوانەیشی لە 7ی تشرینی یەکەمەوە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر دەوروبەری کەرتی غەززە کوژراون گەیشتە 335 کەس. 
 
لەلایەکی دیکەوە ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند، بەتالیۆنێکی تانکەکانی ئیسرائیلیان تێکشکاندووە، ژمارەیەک سەربازیی ئیسرائیلییان کوشتووە و لە چەندین بەرەوە بەرپەرچی ئیسرائیلیان داوەتەوە.
 
ئەبو عوبەیدە هۆشداریشی دا کە "غەززە دەکەنە نەفرەتێکی مێژوویی بۆسەر ئیسرائیل."
 
ئەو گوتەبێژەی هێزە فەلەستینییەکە بانگەشەی ئەوەشی کرد کە هێزەکانی حەماس دزەیان کردووەتە پشتەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و لە نزیکەوە هێرشیان کردووەتەوە سەریان لە باکووری رۆژئاوای شاری غەززە، بارهەڵگرێکی گواستنەوەی سەربازەکان و شەش تانکی ئیسرائیلییان تێکشكاندووە. 
 
مەترسیی فراوانبوونی شەڕەکە تاوەکو دێت زیاتر دەبێت. هەر رۆژی پێنجشەممە ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان بەردەوام بوون لە رووبەڕووبوونەوە دوای ئەوەی کە مووشەکێک بەر شارۆچکەیەکی باکووری ئیسرائیل کەوت. 
 
ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە لەم دۆخەدا ئاگربەست رابگەیێنێت، هەگاری گوتی: "ئاگربەست لەم کاتەدا بە هیچ شێوەیەک لەسەر مێزەکە نییە."
 
رۆژی رابردوو چی روویدا؟
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، کاربکات بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس. 
 
هەر لە رۆژی پێنجشەممە، سەدان هاووڵاتیی بیانی و ئەوانەی کە خاوەن دوو وەڵاتینامەن لە دەروازەی رەفەحی میسرەوە، غەززەیان جێهێشت، لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەردەوامبوون لە بۆردوومانی چڕ و لەسەر زەویش شەڕ و پێکدادان بەردەوام بوو. 
 
میسر روونیکردەوە کە نیازی وایە لە گواستنەوەی حەوت هەزار کەسدا لە غەززەوە بۆ دەرەوە یارمەتیدەر بێت. وەزارەتی تەندروستیی میسر رایگەیاند، لە دووەم رۆژی کرانەوەی دەروازەی رەفەحدا، 21 برینداری فەلەستینی و 344 هاووڵاتی بیانی، لە نێویاندا 72 منداڵ لە دەروازەکە پەڕیونەتەوە.
 
ئەوانەی کە رێگەیان پێ دەدرێت لە دەروازەکەوە رەفەح جێبێڵن، پێکدێن لە سەدان هاووڵاتیی ئەمریکی، 50 بەلجیکی و ژمارەیەکی کەمتری خەڵکی وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، عەرەبی، ئاسیایی و ئەفریقی. 
 
سەلما تەمەنی 14 ساڵانە، دوای رزگاربوونی لە غەززە گوتی، "خواردن نەبوو، ئاو نەبوو، گاز نەبوو، هیچ شوێنێک نەبوو پەنای بۆ ببەین. خەڵک بۆ نووستن دەڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانەکان، ژمارەیەکی زۆر شەهید هەیە، ئینتەرنێت نییە، هێڵی پەیوەندی نییە، کارەبا نییە. ماڵمان بۆردوومانکرا، بۆیە هاتینە ئێرە بۆ رەفەح." 
 
ئەوانەی دەگوازرێنەوە، بەشێکی کەمی ئەو 2.4 ملیۆن کەسە پێکدێنن کە لە کەرتی غەززە و لەژێر بۆردوومانی چڕ و ئاگرینی ئیسرائیلدا گیریان خواردووە. 
 
بەریتانیا رایگەیاند، دەستیکردووە بە ناردنی 30 تۆن یارمەتیی بۆ میسر، وەک باربەرزکەرەوە، قایشی گواستنەوە و تاوەری رووناکی، بۆ یارمەتیدانی دەروازەی رەفەح لە گەیاندنی خێراتری یارمەتییەکان.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن پشتیوانی لە "وەستانی کاتیی" مرۆیی جەنگ دەکات بۆ ئەوەی گوشاری سەر خەڵکی سڤیل کەمبێتەوە، بەڵام دژی وەستاندنی تەواوەتیی جەنگە، چونکە بە گوتەی خۆی، حەماس نیازی نییە شەڕ بوەستێنێت و ئیسرائیلیش مافی هەیە "بەرگری لە خۆی بکات."
 
هاوکات حیزبوڵای لوبنان ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی پێنجشەممە هێرشیان کردووەتە سەر 19 پێگەی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنوور. ئەمڕۆ هەینی، 3-11-2023 چاوەڕوان دەکرێت، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە لەسەر جەنگی ئیسرائیل – حەماس گوتارێک پێشکێش بکات.
 
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، "لە وەڵامی هاویشتنی مووشەک لە خاکی لوبنانیەوە، فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی پێکەوە لەگەڵ هێرشی تۆپ و تانکەکان، هێرشیان کردە سەر پێگەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا." 
 
ئاماری کوژراو و برینداران
 
چەکدارانی حەماس 7ـی تشرینی یەکەم، هێرشێکی کتوپڕیان کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و بە گوتەی سوپای ئیسرائیل هەزار و 405 کەسیان کوشت، کە "زۆربەیان سڤیل بوون." هەروەها لانیکەم 5 هەزار و 431 کەس بریندار بوون. 
 
242 کەسیش لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون، لە نێویاندا خەڵکی سڤیل و سەرباز و 30 منداڵ هەن. 40 کەسی دیکەش لە ئیسرائیل بێسەروشوێنن. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لەو کەرتە 9 هەزار و 61 کەس بە بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون، کە لانیکەم سێ هەزار و 760یان منداڵ و دوو هەزار و 326یان ژنن. لانیکەم 32 هەزار کەسی دیکەش لە غەززە برینداربوون، کە 6 هەزار و 360یان منداڵ و 4 هەزار و 891ی دیکەیان ژنن. 
 
هەروەها هەزار و 30ی دیکە لە غەززە بێ سەروشوێنن، لە نێویاندا هەزار و 20 منداڵ هەن و نزیکەی چوار هەزار فەلەستینیی کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون. 
 
لە کەرتی رۆژئاواش، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، لانیکەم 132 کەس بە گوللـەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون و لانیکەم دوو هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
هەروەها هەزار و 900 فەلەستینیی کەرتی رۆژئاوا لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون، کە دوو کەسیان لە زینداندا گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە