میرێلا گالێتی؛ ناوێکی ناسراو و خۆشەویست لای نەوەی شۆڕش و راپەڕین

04-09-2024
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
پەیکەری میرێلا گالێتی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر.
پەیکەری میرێلا گالێتی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میرێلا گالێتی ناوێکی نامۆ بۆ نەوەی نوێ و ناسراو و خۆشەویست بۆ نەوەی سەردەمی شۆڕش و راپەڕین.
 
کورد دۆستێکی ئیتاڵی کە 54 ساڵ پێش ئێستا بۆ یەکەمجار هاتووەتە کوردستان، کار و هەوڵەکانی بەشێوەیەک بوون کە ئێستا پەیکەرەکەی لە هەولێری پایتەخت دانراوە.
 
گالێتی ساڵی 1949 لە گوندێکی نزیک شاری بۆلۆنیای ئیتاڵیا لەدایکبووە. بەهۆی خولیای بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوە، ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە. بەشێکی بەرچاوی کار و تەمەنی لەسەر کورد و کوردستان بووە. وەک رێزلێنان پەیکەرێکی بۆ دروستکراوە. دوو برازای هاتوونەتە کوردستان تا بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی گالێتی لە رێوڕەسمی پەردەلادانەکەی بەشدار بن.
 
سێرێنا گالێتی، برازای میرێلا دەڵێت، "بۆ ئێمە زۆر جێگای بایەخ و پێزانینە، ناساندن و تەرخانکردنی ئەو مۆنۆمێنتە بۆ میرێلا شایانییەتی، چونکە ئەو ژیانی بە خۆشەویستییەوە بۆ ئەو کارەی تەرخان کرد".
 
هەروەها ئاندریا گالێتی، برازای میرێلا ئاماژە بەوە دەکات، "میرێلا هەر لە ناخیدا هەستێکی دادگەریانەی هەبوو، هەستێکی هاوسۆزی تێدا بوو لەگەڵ ئەو خەڵکانەی کە وا لاوازن یان ژێردەستەن. تەنانەت لە نێو نامە سەرەتاییەکانی کە نووسیویەتی، ئەو هەستە دەردەکەوێت کە دادوەری لە ناخیدا هەبوو ، کاتێکیش توێژینەوەکەی لە زانکۆ پێشکێش کرد کە لە بواری سیاسی بوو لە زانکۆی بۆلۆنیا، چەن گەنجێکی کورد دەبینێت کە لە پزیشکی دەخوێنن ئەمە کاریگەری لێکرد تا بە تایبەتی لەسەر کورد کار بکات".
 
میرێلا بەڕێکەوت و کاتێک مامۆستاکەی داوای لێدەکات بابەتی دەرچوونەکەی لەسەر کورد بێ، ئاشنای کورد و کوردستان دەبێت. هەر ئەوەش وای لێدەکات لە ساڵانی 1970 تا 2000 بێتە باشووری کوردستان و لەوێ و لە ئەوروپا چاوی بە زۆربەی سەرکردەکانی هەر چوار پاچەی کوردستان بکەوێت.
 
عەبدولجەبار مستەفا یەکێک بووە لە هاوڕێیانی میرێلا. ساڵی 1981 بەهۆی کاری سیاسی لە ئیتاڵیا یەکدیان ناسیوە و دوایین جار ساڵی 2010 لە چێشتخانەی کەرکووک لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا یەکیان بینیوە.
 
عەبدولجەبار مستەفا دەڵێت، "میرێلا خوێندکار بوو لە کۆلێژی زانیارییە سیاسییەکان لە شاری بۆلۆنیا، ئەو مامۆستایەی کە تێزەکەی بۆی دیاری دەکرد داوای لێکردبوو تێزیک لەسەر کورد بکات. ئەو زۆر بە پەرۆش بوو و حەزی دەکرد لەسەر کورد شت بزانێت و چەندین جار سەردانی کوردستانی کرد".
 
میرێلا 63 ساڵ ژیا. لە دوایین ساڵەکانی ژیانی وەکو پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ناپۆلی ئیتاڵیا وانەی گوتووەتەوە. 15 کتێبی لەسەر سیاسەت، مێژوو و کولتووری کورد نووسیوە. بەرهەمەکانی لەسەر کورد سەرچاوەی زۆربەی زانکۆکانی ئیتاڵیا و پەیمانگەی کوردی پاریسن.
 
پەیکەری میرێلا لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان دانراوە و ئێوارەی چوارشەممە لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی پەردەی لەسەر لادەدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.