رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، "ئامادەکاری بۆ جەژنی نەورۆز دەستیپێکردووە. ئەم ساڵ بەرنامەی جیاوازمان بۆ جەژنی نەورۆز دەبێت." گەشتوگوزاری قەزاکەش دەڵێت، "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیاری بیانی لە جەژنی نەورۆز بەرز ببێتەوە."
ئاکرێ بە "پایتەختی نەورۆز" ناسراوە و ساڵانە بە ئاهەنگەکانی سەرنجی زۆرترین کەس رادەکێشێت.
رۆژی چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025 دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامادەکاریی نەورۆز دەستیپێکردووە. بازاڕ و شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە دەپشکنین. بەداواداچوون بۆ کارەبا و خزمەتگوزارییەکان دەکرێت."
نەورۆزی ئەم ساڵ کەوتووەتە نێو مانگی رەمەزانەوە. قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، "چالاکییەکان و ئاگرکردنەوە دەکەونە دوای بەربانگ و بۆ دوو کاژێر بەردەوام دەبن. ئەم ساڵ چەندین سروودخوێنی ئایینی لە ئاهەنگەکەدا بەشدار دەبن."
بە گوتەی قایمقامی ئاکرێ، " ئەم ساڵ ئاهەنگی نەورۆز جیاواز دەبێت. ئامادەکاری زۆر باش کراوە. کۆمەڵێک یاریی ئاگرینی نوێ بەکاردەهێنن کە لە ساڵانی رابردوودا نەبوون."
هاوکات ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەوەی ئاکرێ بە پایتەختی نەورۆز ناسراوە، پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیاری بیانی بەرز ببێتەوە."
لە ئاکرێ پار ژمارەی گەشتیاران لە جەژنی نەورۆزدا بەرزنەبوو. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزاکە دەڵێت، "ساڵی رابردوو بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوا و مانگی رەمەزانەوە ژمارەی گەشتیاران کەمی کرد و گەیشتە 75 هەزار، لە کاتێکدا ساڵی 2023 نزیکەی 100 هەزار گەشتیار لە ئاهەنگی نەورۆز ئامادەبوون."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ گوتیشی، "هەموو ئامادەکارییەکان کراون. رێبەری گەشیاری دەدەین بە گەشتیاران و لە بازگەکان پێشوازیان لێدەکەین."
پار رێوڕەسمەکە دوای بەربانگ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حیزبی، حکومی و کۆنسووڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و کاژێر 08:30 کۆتایی هات.
سەرەتا لەلایەن هەشت گرووپی جیاواز کە پێکهاتبوون لە گەنجانی نیشتمان بە 2724 مەشخەڵ، چیای کەلا ئاکرێ رازێندرایەوە و دواتر بە یاریی ئاگرین دیمەنەکە سەرنجڕاکێشتر کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ