رووداو دیجیتاڵ
لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەوی هەینی، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران.
ئەمریکا دەڵێت، ئەوە تەنیا "سەرەتایە" و زنجیرەیەک هێرشی دیکەش بەڕێوەن لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کرد، 85 ئامانجیان لەنێو عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە کە لە لایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، "بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" بەکارهێنراون.
سەرچاوەکانی حەشدی شەعبی باس لە کوژران و برینداربوونی لانیکەم 10 کەس لە پارێزگەی ئەنبار دەکەن. لە سووریاش سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، 18 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران کوژراون.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی تەلەفۆنیدا کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئامادەی بوو، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەو 85 ئامانجە کەوتوونەتە 7 شوێن، چواریان لە سووریا و سیانیان لە عێراقن.
هێرشەکان نەگەیشتنە ئەو ئاستەی راستەوخۆ ئێران یان فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بپێکن، لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵدەدات رێگری لە فراوانبوونی ململانێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات. ئێرانیش رەتی دەکاتەوە لە پشت هێرشەکەی 28ـی مانگی رابردووەوە بووبێت کە بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن و لە ئەنجامدا سێ سەرباز کوژران و لانیکەم 41ـی دیکەش برینداربوون.
کۆشکی سپی رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانیان 30 خولەکیان خایاندووە و لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا "سەرکەوتوو بوون."
روون نییە کاریگەریی ئەو هێرشانە چۆن دەبێت. ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس رەخنە لە بایدن دەگرن و دەڵێن، دەبوو هێرشەکان زووتر کرابان، چونکە دواخستنیان دەرفەتیان بە گرووپە چەکدارەکان داوە پێگەکانیان چۆڵبکەن و خۆیان بشارنەوە.
لەبەر ئەوەی گرووپە چەکدارەکان زۆرن و لە چەندین شوێنی ژمارەیەک وڵاتی جیاجیادا لە دژی ئەمریکا کار دەکەن، چاوەڕوان ناکرێت بە گورزێکی لەو جۆرە کپ بکرێن.
وێڕای ئەوەی کەتائیبی حیزبوڵڵا رایگەیاندووە کە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا هەڵدەپەسێرێت، ئەوانی دیکە بەڵێنیان داوە بەردەوام بن لە شەڕکردن، وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی خۆیان بە پاڵەوانی بەرگریکردن لە پرسی فەلەستین پێشانبدەن لە کاتێکدا کە غەززە لەژێر ئاگرباران و ئابڵووقەی ئیسرائیلدایە و هیچ کۆتاییێک بۆ جەنگ دیار نییە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکە لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریدا: "ئەمڕۆ وەڵامی ئێمە دەستیپێکرد. هەموو ئەوانەی هەوڵدەدەن زیانمان پێ بگەیێنن، با ئەمە بزانن: ئەگەر ئێوە زیان بە ئەمریکییەک بگەیێنن، وەڵاممان دەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ئامانجەکان "هۆشیارانە هەڵبژێردران بۆ ئەوەی رێگری لە بەرکەوتنی خەڵکی سڤیل بکرێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵبژاردنی ئەو شوێنانەی لێیاندرا، "لەسەر بنەمای بەڵگەی روون بوو بەوەی کە ئەوان پەیوەندییان بە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەوە هەبووە." بەڵام رەتیکردەوە بڵێت بەڵگەکە چی بووە.
سێنتکۆم باس لەوە دەکات، زیاتر لە 125 مووشەک لەو هێرشانەدا بەکارهێنراون کە لەو جۆرە بوون ئامانجەکانیان بە وردی دەپێکن.
مووشەکەکان لە لایەن ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگییەوە هاوێژراون، لەنێویاندا فڕۆکەی دوورهاوێژی بی-1 کە لە ئەمریکاوە تایبەت بۆ ئەو مەبەستە فڕێنرابوون.
دۆگلاس سیمز، بەڕێوەبەری دەستەی سوپاسالاری هاوبەشی ئەمریکا لە هەمان کۆنگرە رۆژنامەڤانییە دەنگییەکەی کێربیدا باسی لەوە کرد، کەشوهەوا رۆڵی سەرەکیی بینیوە لە پلاندانانی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانە بۆ ئەوەی پشتڕاستبن لەوەی لە شوێنە دروستەکان دەدەن و خەڵکی سڤیل ناکەنە ئامانج.
تاوەکو ئێستا بۆ ئەمریکاش روون نییە بە دیاریکراوی چەند کەسیان کوشتووە.
سیمز گوتی: "دەزانین کە هەندێ چەکدار و سوپای پاسداران و میلیشیاکانی لایەنگری ئێرانیش ئەو شوێنانە بەکاردێنن. ئێمە ئەمشەو لە کاتێکدا ئەو هێرشانەمان کردن کە پێمانوابوو دەکرێت زیانی گیانی بەو کەسانە بگەیێنرێت کە لەنێو ئەو شوێنانەدا بوون."
ژمارەیەک بەرپرسی نێو گرووپە چەکدارەکان کە نەیانویست ناویان بهێنرێت، بە رۆژنامەڤانانیان راگەیاند، سێ خانوو کە وەک بارەگا بەکاردەهێنران، لەگەڵ کۆگایێکی چەک لە شاری قائیم کراونەتە ئامانج.
هەروەها بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە عەکشات خاپوورکراوە.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆک فەرمانی کردووە کە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ ئەوەی سوپای پاسداران و میلیشیا نزیکەکانی رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە لە بەرامبەر هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی. ئەو هەنگاوانە لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان ئاشکرا دەکرێن."
رۆجەر ویکەر، باڵاترین ئەندامی کۆماری لە لیژنەی کاروباری سەربازیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم هێرشانە پێشوازییان لێ دەکرێت، بەڵام بۆ ئەو سێ ئەمریکییە قارەمانانەی کە گیانیان لەدەستدا و ئەو 50 سەربازەشی کە برینداربوون، زۆر درەنگ هات."
بایدن لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، هێرشەکان "لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆماندا بەردەوام دەبن."
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش دەڵێت، هەر کارێک پێویست بێت بۆ پاراستنی سەربازەکانیان سڵی لێ ناکەنەوە و دەیکەن.
ساتی بەڕێکەوتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا ببینە
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 3, 2024
سوپای ئەمریکا ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە pic.twitter.com/mEaOvKkJZu
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ