رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
فڕۆکەیەکی هێزی بەریتانیا و ئەمریکا لە کاتی رۆیشتنی بۆ بۆردوومانکردنی پێگەی حووسییەکان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، 36 پێگەی حووسییەکانیان لە یەمەن بۆردوومان کردووە. بەرپرسانی حووسی هێرشەکان پشتڕاستدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە سەنعای پایتەختی یەمەن کەوتووەتە بەر ئاگری فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، ئەمریکا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد کە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکانی یەمەن دەستپێکردووە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی دەیان ئامانجیان کرد؛ راگەیێندراوی هاوبەشی دوو وڵاتە رۆژئاواییەکە و چەند وڵاتێکی دیکە کە پشتیوانییان لە هێرشەکە کردووە، دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان "لە 13 شوێنی یەمەن، 36 پێگەی حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان دژی هاتووچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازرگانی و کەشتییەکانی هێزی دەریایی کە بە دەریای سووردا دەڕۆن."
لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە کە هەڵمەتەکە کاژێر 11:30 خولەکی شەوی شەممە بەکاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوەبەشەکە، "هێرشەکانی ئەمڕۆ بە دیاریکراوی کۆگاکانی چەک کە لە قووڵایی زەویدا شاردراونەتەوە، هەروەها مووشەکهاوێژ، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و رادارەکانی حووسیەکانیان کردنە ئامانج."
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی کە قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردووە، هێرشەکان لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و هەروەها هاویشتنی مووشەک لە کەشتییە سەربازییەکانەوە کراون.
ئەو هێرشانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی هەینی، ئەمریکا دەیان پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگریی ئێرانی لە عێراق و سووریا بۆردوومان کرد بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی بکاتەوە کە 28ی مانگی رابردوو، لە هێرشی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە بنکەیەکی ئوردن کوژران.
بەرپرسانی ئەمریکی باس لەوە دەکەن، ئەو هێرشانەی کە لە نیوەشەوی شەممە لەسەر یەکشەممە کرانە سەر حووسیەکان، لە رێگەی فڕۆکەی ئێف ئەی 18ی ئەمریکییەوە بوون کە لەسەر کەشتیی فڕۆکە هەڵگری USS Dwight D. Eisenhower فڕیون. هەروەها کەشتییە جەنگیەکانی دیکەشی ئەمریکا بە هاوێشتنی مووشەکی تۆماهۆک لە دەریای سوورەوە، لە هێرشەکاندا بەشدار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ