ئەمریكا لەگەڵ حووسییەكانی یەمەن دادەنیشێ

02-09-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن یەمەن حوسییەکان
A+ A-
رووداو- هەولێر

ئیدارەی كۆشكی سپی سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ دانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ حووسییەكانی یەمەن و بەنیازە سعودیەش راكێشێتە ناو ئەو گفتوگۆیانە و كۆتایی بە شەڕێكی چوار ساڵە بهێنێ كە بە یەكێك لە بەرەكانی شەڕی بە وەكالەتی نێوان تاران و ریاز لەقەڵەم دەدرێ.
 
كەسانی ئاگادار لەو هەوڵە بە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئەمریكییان راگەیاندووە گفتوگۆكان بە نهێنی لە عوممان بەڕێوەدەچن. ئەوە یەكەمجاریشە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا هەوڵی كردنەوەی كاناڵێكی راستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ حووسییەكان بدات. ئەو دەستپێشخەرییەی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە هەتا دێ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی هەمەلایەنەی ناوچەیی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە بەهێزتر دەبێ.
 
لە ئایاری 2015 ، واتە چەند مانگێك دوای دەستپێكردنی شەڕی نێوخۆی یەمەن، بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی پێشووی ئەمریكا لەگەڵ حووسییەكان كۆبووەوە بۆ ئەوەی هەم بارمتە ئەمریكییەكان لە یەمەن ئازاد بكەن و هەم رێگە لە تەشەسەندنی زیاتری شەڕەكە بگرێ. كۆبوونەوەكانی ئەوكاتیش لە عوممان بەڕێوەچوون.
 
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە مانگی كانوونی یەكەمی پارساڵ لە چوارچێوەی كۆنفرانسی ستۆكهۆڵم بۆ ئاگربەست لە یەمەن لەگەڵ حووسییەكان كۆبووەوە. بەڵام وەك بەرپرسانی ئەمریكی دەڵێن، ئەوە یەكەمجارە هەوڵی كۆبوونەوەی راستەوخۆ بدەن.
 
لە چوار ساڵی رابردوودا قەیرانی یەمەن لە شەڕێكی نێوخۆی نێوان حوسییەكان و هێزەكانی حكومەتەوە بۆ شەڕێكی ناوچەیی نێوان بەرەی سعوودیە و بەرەی ئێران گۆڕاوە. ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە كەنداو هێزەكانی حووسی بە هێزی وەكیلی ئێران دەزانن. لە سەرەتای ئەمساڵەوە كۆنگرێس هەوڵیداوە كۆشكی سپی ناچار بكات هاوكارییە سەربازیی و هەواڵگرییەكانی لە یەمەن كەمبكاتەوە.
 
شەڕی یەمەن قەیرانێكی گەورەی مرۆییشی دروستكردووە. بەگوێرەی راپۆرتێكی ناوەندی (ALCED) بۆ داتا و زانیارییەكانی جەنگ، لە چوار ساڵ و نیوی رابردوودا زیاتر لە 90 هەزار یەمەنی لە شەڕی نێوان حووسییەكان و هێزەكانی حكومەتدا كوژراون. نەتەوە یەكگرتووەكانیش قەیرانی یەمەن بە خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهان دەزانێ كە تێیدا برسێتی و كۆلێرا هەڕەشە لە گیانی ملیۆنان كەس دەكات.
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەرەیەكی نوێ لە شەڕی نێوخۆی یەمەندا كراوەتەوە، دوای ئەوەی هێزە جوداخوازەكانی یەمەن كە سەر بە ئیماراتن، لە باشووری یەمەن هەڵیانكوتایە سەر هێزەكانی سەر بە حكومەتی شەرعی یەمەن لە عەدەن. لە مانگی حوزەیرانەوە ئیمارات دەستی بە كشاندنەوەی هێزەكانی لە یەمەن كردووە. بەگوێرەی راپۆرتەكەی (جورناڵ) كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئیمارات پاڵنەرێكی گەورە بووە بۆ دەستی ئەمریكا بۆ هەوڵی دیپلۆماسی بەهێزتر بێ.
 
كۆمەڵێك سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی بەریتانییان راگەیاندووە سەرەتای ئەم مانگە شا سەلمان لە مەككە بێزاری خۆی لە بڕیاری ئیمارات سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی لە یەمەن دەربڕیوە، ئەوەش وەك سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی ناكۆكییەكان لە نێوان ریاز  وئەبوزەبی لە قەڵەم دەدرێ كە لە چوار ساڵی رابردوودا شان بە شانی یەكدی بەرەنگاری حووسییەكان بوونەتەوە و دوو كۆڵەكەی سەرەكیی سیاسەتی ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێرانن لە ناوچەكەدا.
 
خەڵكانی ئاگادار لە پلانەكەی كۆشكی سپی بە رۆژنامە ئەمریكییەكەیان راگەیاندووە كریستۆفەر هێنزڵ، باڵیۆزی ئەمریكا لە یەمەن، سەرپەرشتی هەوڵە دیپلۆماسییەكە دەكات. هێنزڵ ئەزموونێكی زۆری كاركردن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی هەیە، ماوەیەكیش سەرۆكی ئۆفیسی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای مووسڵ بووە.
 
دوو هەفتە لەمەوبەر دەسەڵاتی حووسییەكان كە شاری سەنعای پایتەختی یەمەنیان بەدەستەوەیە، باڵیۆزێكیان بۆ ئێران دیاریكرد، دوای ئەوەی كۆمەڵێك كۆبوونەوەی گشتییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران ئەنجام دا. هەندێك لە ئەمریكی و كەنداوییەكان پێیانوایە ئەو هەوڵەی حووسییەكان بۆ شكستهێنان بە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی ئیدارەی ترەمپە.
 
بەرپرسانی نزیك لە هەوڵە دیپلۆماسییەكان بە (وۆڵ ستریت جورناڵ)یان راگەیاندووە عەبد رەبۆ مەنسوور هادی، سەرۆكی یەمەن بە یەكێك لە گەورەترین بەربەستەكان لەبەردەم چارەسەرییە دیپلۆماسییەكان لەقەڵەم دەدرێ و بۆیە زۆر لایەنی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بەردەوام هەوڵدەدەن عەبد رەبۆ لابدەن، تاوەكو هەوڵەكانی ئاشتی بەرەو پێش بچن.
 
جیا لەمە ئەمریكییەكان نیگەرانی ئەوەن سعودییەكانیش بە رژدی هەوڵی كۆتاییهێنان بە شەڕەكە نادەن كە بەهۆیەوە 16 ملیۆن دانیشتووی یەمەن (واتە 60٪ی دانیشتووان) بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن و 80٪ی خەڵكی ئەو وڵاتە چاویان لە هاریكارییە نێودەوڵەتییەكانە بۆ ئەوەی پێداویستییە هەرە سەرەتاییەكانی ژیانیان دابین بكەن.
 
هەفتەی رابردوو، خالد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، جێگری وەزیری بەرگریی سعودیە، سەردانی ئەمریكای كرد و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمریكا كۆبووەوە. خالد بن سەلمان برای محەممەد بن سەلمان، شازادی جێنشینی سعودیەیە. بەگوێرەی راپۆرتێكی (شەرقوڵئەوسەت)، قەیرانی یەمەن یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی دانیشتنی نێوان خالد بن سەلمان و بەرپرسانی ئەمریكی بووە.
 
بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بە (جورناڵ)ی راگەیاندووە "باڵیۆزی ئەمریكا لە یەمەن قسە لەگەڵ هەموو یەمەنییەكان دەكات بۆ ئەوەی ئامانجەكانی خۆی لەو وڵاتەدا بەرەو پێش بەرێ".
 
كاربەدەستێكی دیكەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هەوڵەكانی پشت پەردەی ئەمریكا ئاماژەن بۆ ئەوەی هیچ چارەسەرێكی سەربازیی كردەیی لەبەردەست هاوپەیمانێتیی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە نەماوە، جەختی لەوەش كردەوە كە لە ساڵانی رابردوودا كێشەی گەورە ئەوە بووە نێوبژیوانێك بدۆزنەوە هەم توانای دانوستاندنی هەبێ و هەم دەستی بە سەركردایەتی باڵای حووسییەكان رابگات.
 
هەوڵەكانی ئەمریكا لەگەڵ حووسییەكان لە كاتێكدایە گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێك كە تەنانەت مەترسیی روودانی جەنگی ناوچەیی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ ئێرانی لێدەكرێ. بەرپرسە ئەمریكییەكە بە دووری نازانێ ئەمریكییەكان بۆ قایلكردنی حووسییەكان كۆمەڵێك خاڵ بە ئێران و گروپە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا بدەن. 
 
لە ناو بزووتنەوەی حووسییەكان و لە ئیدارەی ئەمریكیشدا بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە هەوڵی دیپلۆماتیك هەیە. خەڵكانی ئاگاداری مەسەلەكە، بە راپۆرتەكەیان راگەیاندووە هەندێك لە ئەندامانی ئیدارەی ئەمریكی پێیانوایە دەبێ حووسییەكان بخرێنە لیستی رێكخراوی تیرۆریستییەوە، بەڵام هەندێكیش پێیانوایە ئەو هەنگاوە شكست بە هەوڵەكانی ئاگربەستی نەتەوە یەكگرتووەكان دەهێنێ.
 
لە ناو حووسییەكانیش كە كۆنتڕۆڵی باكووری یەمەنیان بەدەستەوەیە، باڵێك لایەنگری هەوڵەكانی ئاشتین و باڵێكی دیكەیان پێیانوایە دەبێ كێشەكان بە شەڕ یەكلا بكرێنەوە، ئەم دووبەرەكییەش كێشە بۆ دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا دروستدەكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە