رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنانی ئەمڕۆ سێشەممە، هۆشداریی دا کە ئیسرائیل باجی هێرشە ئاسمانییەکەی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق دەدات کە رۆژی پێشتر بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران.
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بێگومان ئەم تاوانە بێ سزا و تۆڵە بەسەر دوژمندا تێناپەڕێت."
هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی 7 پاسدار، لەنێویاندا لیوا محەممەد رەزا زاهیدی و ئەفسەرێکی دیکەی باڵا بە ناوی لیوا محەممەد هادی حەجی رەحیمی.
چالاکڤانانی خۆجێیی ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو هێرشەدا یازدە کەس کوژران، لە نێویاندا هەشت ئێرانی، دوو سوووری و لوبنانیێک، کە هەموویان چەکدار بوون.
حیزبوڵڵا دەڵێت، زاهیدی "بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە کەسە یەکەمەکان بووە لە پشتیوانیکردن، قوربانیدان و پارێزگاریکردن لە بەرخودان لە لوبنان."
چالاکڤانان ئاماژە بەوە دەکەن کە زاهیدی سەرکردەی فەیلەقی قودس بووە بۆ فەلەستین، سووریا و لوبنان، لە هێرشەکەدا لەگەڵ جێگر و یاریدەدەر و فەرماندەی لقی ئەو سێ وڵاتەی فەیلەقی قودس کوژراوە.
ئیسرائیل رایگەیاند، لێدوان لەسەر ئەو هێرشە نادات، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی تووندیان دا، کە ئەوەش مەترسیی گرژییەکانی زیاتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ