بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵا بۆ رووداو: هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ سوپای داگیرکەر رووینەداوە

01-10-2024
زانا کایانی @zana_kayani
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندی میدیایی لە حیزبوڵڵای لوبنان لەڕێگەی رووداوەوە رەتیکردەوە سوپای ئیسرائیل چووبنە نێو خاکی لوبنان و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان "موجاهیدانی بەرگری" و سوپای ئەو وڵاتە روویدابێت.
 
رۆژی سێشەممە، 01ـی ئۆکتۆبەری 2024 محەممەد عەفیف، بەرپرسی پەیوەندی میدیایی لە حیزبوڵڵای لوبنانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ پێکدادانێکی زەوینی راستەوخۆ لەنێوان موجاهیدانی مقاوەمە و هێزەکانی داگیرکەر رووی نەداوە."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی حیزبوڵڵا، "موجاهیدانی بەرگری"ی ئامادەن رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل ببنەوە و زیانی گەورەیان لێدەدەن.
 
شەوی 30-09-2024 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان رایگەیاند، ئیسرائیل لە هێرشێکی زەوینی ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئامانج لێی تێکشکاندنی ژێرخانی حیزبوڵڵایە لە لوبنان. 
 
"هەموو ئەو پروپاگەندانەی زایۆنییەکان دۆریە، کە  باسی لەوە دەکەن هێزەکانی داگیرکەر چوونەتە نێو لوبنان." بەرپرسی پەیوەندی میدیایی لە حیزبوڵڵای لوبنانی بە رووداوی گوت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی زەوینییان بۆ سەر لوبنان و چەکدارانی حیزبوڵڵا دەستپێکردووە.
 
محەممەد عەفیف دەڵێت، بۆردوومانکردنی بارەگای مۆساد و بنکەی 8200 تەنیا سەرەتایە و هێرشەکانیان بەردەوام دەبن. 
 
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە، حیزبوڵڵا هاوئاهەنگیی تەواویان لەگەڵ "نەبیە بەری" هەیە، هەروەک چۆن لە جەنگی تەمموزی ساڵی 2006 هەیانبووە و دەڵێت: "ئێستا قسەی مەیدان و رووبەڕبوونەوەی سەربازییە، کاتێک گەیشتە سەر ئاگربەست، بیرۆبۆچوون و پێشنیازی جیاوازی خۆمان دەدەین."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە