حوسییەکان هەڕەشەی هێرشی زیاتر لە ئیمارات دەکەن

01-02-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، ئیمارات بەرپەرچی مووشەکێکی حوسییەکانی دایەوە. هێرشەکە لە کاتێکدا بوو کە ئیسحاق هێرزۆگ، وەکو یەکەمین سەرۆکی ئیسرائیل سەردانی ئیماراتی کرد، حوسییەکانیش هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر وڵاتەکە دەکەن. 
 
گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان هەڕەشە لە ئیمارات دەکات بەوەی کە بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، زیاتر دەیکەنە ئامانج. 
 
یەحیا سەريع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن دەڵێت، "‌هێزە چەکدارەکانی یەمەن پشتڕاستی دەکاتەوە کە تاوەکو دارودەستەکانی ئیسرائیلی دووژمن لە ئەبوزەبی و دوبەی دژایەتی وڵاتە ئازیزەکەمان بکەن، وڵاتی ئیماراتی دووژمن بە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە."
 
حوسییەکانی یەمەن، کە لە لایەن ئێرانی نەیاری سەرسەختی ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێن، لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا سێ جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیمارات کە لە ساڵی 2020ـەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاساییکردووەتەوە. 
شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی سوپاسی سەرۆکی ئیسرائیلی کرد لە بەرامبەر هەڵوێستی ئیسرائیل دژی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی حوسییەکان. 
 
شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی رایگەیاند، "ئەوە هەڵوێستێکە کە روانگەی هاوبەشمان بۆ هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و ئاشتیی هەرێمی پێشاندەدات، بەتایبەتیش ئەوانەی لەلایەن میلشیا و هێزە تیرۆریستییەکانەوە دەکرێن."
 
هاوکات لەگەڵ سەردانی سەرۆکی ئیسرائیل بۆ ئیمارات و هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی بە وڵاتە عەرەبییەکان دا، خۆیان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل بەدووربگرن. 
 
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "هەندێک وڵات کە بە رێگەی ئاساییکردنەوەدا دەڕۆنە خوارەوە و بەو جۆرە هاوکاریی رژێم دەکەن بۆ ئەوەی کێشەی زیاتر دروستبکات، پێویستە ئاگادار بن لەوەی کە یەکەمین قوربانیی سرووشتیی دووژمنکار، فراوانخواز و گێرەشێوێنی ئەم رژێمە، هەر ئەوانەن کە ئەمڕۆ لەسەر رێبازی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکاندا هەنگاو دەنێن."
 
زیادبوونی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئیمارات هەروەها هاوکاتن لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی ڤییەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کە تاوەکو ئێستا تاران دەڵێت، داواکارییەکانی جێبەجێنەکراون.
 
هێرشەکان هەروەها دوای ئەوە دێن کە لە چەند هەفتەی رابردوودا، لیوای عەمالیقە لە یەمەن بە پاڵپشتیی ئیمارات رووبەڕێکی فراوانی لە دەستی حوسییەکان دەرهێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانکی جیهانی: جەنگ زیانی 8 ملیار دۆلاری بە لوبنان گەیاندووە.

بانکی جیهانی دەڵێت نزیکەی 100 هەزار خانوو و شووقە لە لوبنان وێران بوون

باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەنێوەڕاستی بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. بەگوێرەی بانکی جیهانی، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، 99 هەزار و 209 خانوو و شووقە وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە.