رووداو دیجیتاڵ
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت، "بڕیاردراوە لە سلێمانی کار بە هەژماری من نەکرێت و رامانگرتووە".
گوتەبێژی یەکێتی میوانی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، "نابێت مووچەخۆر ناچار بکرێت لە چەند بانکێکی ئەهلی مووچە وەربگرن. دەبێت خەڵک ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی شێوازی وەرگرتنی مووچەکەی و نابێت گوشار لە خەڵک بکرێت بۆ ئەوەی 'هەژماری من' بکەن".
گوتەبێژی یەکێتی باسی لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتیش کرد و گوتی، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژی شەممەوە گفتوگۆکان دەستپێبکەن و لە یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتیی گفتوگۆکان دەکات.
لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنیش، سەعدی پیرە گوتی: "ئەنجامەکەمان بەدڵ بوو. دەنگ و کورسیمان زیاد کرد، گرنگ بوو بۆ ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کە گوتمان دەنگمان زیاد دەکەین و کورسیش زیاد دەکەین دەنگیشمان زیادی کرد و کورسیشمان زیاد کرد".
سەعدی ئەحمەد پیرە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن "بە گرنگ" دەزانێت و دەڵێت: "نابێت خەڵک بێ ئومێد بێت لە پرۆسەی سیاسی". لەبارەی ئەنجامدانی ساختەکاریش رایگەیاند، "بەڵگەی سەلمێنەرمان بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردن نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەمان کردووە و لێکۆڵینەوەش دەکەین، زانیاری لەوانەش وەردەگرین کە باس لە ساختەکاری دەکەن، سکاڵاکردن لە جێی خۆیەتی، بەڵام کاتێک سکاڵاکان یەکلایی کرانەوە دەبێت قبوڵ بکرێن".
لەبارەی دەستپێکردنی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو لایەنانەی دەنگی یەکەم، دووەم و سێیەمیان هەیە دەبێت پەیوەندی بە لایەنەکانی دیکەوە بکەین و قسەیان لەگەڵ بکەین، ئێمە لەگەڵ لایەنەکان قسە دەکەین و بۆچوونیان وەردەگرین ئەوان پارتی سیاسین و بۆچوونەکانیان گرنگن".
گوتەبێژی یەکێتی دەشڵێت: "ئەگەر پارتی وا بیر بکاتەوە هیچ هەڵە نییە و بەڕێوەبردنەکە بە باشترین شێوەیە ئەوە گفتوگۆکە زۆر دەخایەنێ، ئێمە ناڵێین ئەو کەموکوڕییانە تەنیا پارتی لێی بەرپرسە، یەکێتیش لێی بەرپرسە و بەیەکەوە بەرپرسین، پێکهێنانی حکومەت دەبێت بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن و ئەو رێککەوتنانە بێت دەکرێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە، کە حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 23 کورسی بەدەستهێناوە، ئاماژەی بەوەدا بەرنامەی گفتوگۆیان ئامادەیە و لیژنەی دانوستاندن ئامادە دەبێت، بافڵ تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتیی گفتوگۆکان دەکات و لە هەر بوارێک ئەگەر کەسێک پێویست بکات لەگەڵی دەچێت.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و لایەنەکانی دیکە سەعدی پیرە دەڵێت: "پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەیە و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ لایەنەکان هەبووە، ئەوەی تاوەکو ئێستا لەگەڵ لایەنەکان هەبووە گفتوگۆ نەبووە، بەڵکو راگۆڕینەوە بووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ