رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا مەرج و پێوەرەکانى وەرگرتنی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بڵاوکردەوە. گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا دەڵێت، مەرجەکان بۆ راگرتنی هاوسەنگی و پاراستنی کوالێتیی خوێندنە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەم، عەباس ئەگرەم، گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە 31-10-2024، پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تەکنیکى و پیشەییە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەستیپێکردووە.
کۆمەڵێک مەرج و پێوەر هەن تاوەکو خوێندکار بتوانێت لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بخوێنێت، کە سێ بڕگە لە خۆی دەگرێت، بڕگەی پێشکەشکردن و وەرگرتن، بڕگەی مەرجە گشتییەکانی وەرگرتن و بڕگەی مەرجی خوێندن لەو زانکۆ و پەیمانگەیانە.
گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاماژەی بەوەدا، دانانی ئەو مەرج و پێوەرانە بۆ راگرتنی هاوسانگی و پاراستنی کواڵێتیی خوێندنە.
جگە لە 18 زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان، 18 زانکۆ و لقی زانکۆیی تایبەت و 12 پەیمانگەی تایبەتیش لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بە پسپۆڕیی جیا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ