رووداو دیجیتاڵ
لە کۆمەڵگەی چڕە هیچ پردێکی پەڕینەوە بۆ هاونیشتمانییان نییە. قایمقامی شێخان دەڵێت، داوای خەڵکی کۆمەڵگەکەیان گەیاندووە و لە بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت.
کۆمەڵگەی چڕە کەوتووەتە سەر رێگەی سەرەکی هەولێر – دهۆک و لەسەر رێگەکە قوتابخانەی بنەڕەتی هەیە و هیچ پردێکی پەڕینەوە نییە. کۆمەڵگەکە لە رووی کارگێڕییەوە سەربە قەزای شێخانە لە پارێزگای دهۆک. رۆژی دووشەممە 31-10-2022، سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داوای هاونیشتمانییانی چڕەمان گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار و چاوەڕوانی ئەوەین بڕیاری لەسەر بدرێت و پارەی بۆ خەرجبکرێت".
قایمقامی شێخان گوتیشی، ساڵانە وەکو بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان بڕە پارەیەک بۆ پارێزگاکان تەرخاندەکرێت و داوایان کردووە لەو بودجەیە پارە بۆ دروستکردنی پردی پەڕینەوە بۆ چڕە دروستبکرێت.
لەبارەی کاتی جێبەجێکردنەوەکە سەردار شێخ یەحیا گوتی: "چاوەڕوانی ئەو بودجەیەین. دڵنیا نیم کەی بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت؛ لە هەموو ئەگەرێکدا دروستکردنی پردی پەڕینەوە بۆ چڕە دەکەوێتە ساڵی داهاتووەوە".
ژمارەی دانیشتووانی کۆمەڵگەی چڕە نزیکەی 15000 کەس دەبێت و لە شەش قوتابخانەی کۆمەڵگەی چڕەدا زیاتر لە 3600 قوتابی دەخوێنن. رێگەی کۆمەڵگەکەش سەرەکییە و رۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تایبەت بەکاری دەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ