راپۆرتی: سۆران حوسێن و ئاسۆ فیشەگی
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکان لە پارێزگای کەرکووک بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرکرد، بەڵام دەڵێت، "ناچمە دادگە و پابەندی بڕیاری دادگەی کەرکووک نابم."
لە نووسراوی بڕیاری دەستەی دووەمی دادگەی تاوانەکان لە کەرکووک، کە رۆژی 17ی ئایاری 2022ی لەسەرە، ئەوە خراوەتەڕوو، "لەسەر سکاڵای دادوەر محەممەد مەحموود عەبد، داواکاری گشتی، دژی تۆمەتباری هەڵاتوو رێبوار فایەق تاڵەبانی و بەپێی ماددەی 340ی یاسای هەموارکراوی سزاکانی عێراق، ژمارە 111ی ساڵی 1969؛ دادگەکەمان سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی (رێبوار فایەق تاڵەبانی)دا، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆی دەرکرد، بەڵام ناوبراو دەتوانێت خۆی رادەست بکات و تانە لە بڕیاری سزادانی بدات."
هەر لە نووسراوی بڕیاری دادگەکەدا هاتووە، "بەهۆی ئەم بڕیارە گەشتکردنی رێبوار تاڵەبانی بۆ دەرەوەی عێراق قەدەخە کرا و دەست بەسەر هەموو سامانیدا دەگیرێت."
سەبارەت بەو بڕیارە، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت، ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئایاری 2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکەی دادگەم بە فەرمی پێنەگەیشتووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە تانەی لێدەدەم."
رێبوار تاڵەبانی کە ئێستا راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، بڕیارەکەی دادگە بە "100% سیاسی" ناودەبات و دەڵێت، "ئەوە جاری یەکەم نییە سکاڵا دژی من تۆمار بکرێت و لە هەمووشیاندا سەرکەوتوو بووین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پابەندی بڕیارەکەی دادگە نابم؛ خۆم و پارێزەرەکەشم ئاگاداری نین و ئاگادار نەکراوینەتەوە؛ دۆخی کەرکووک ئاشکرایە چۆنە، بەڵام ئامادەم لە دادگەیەک لە شوێنێکی دیکە ئامادەبم، بۆ نموونە دادگەی موسڵ، هەولێر بێت یان بەغدا، لە رابردووشدا چەندین سکاڵای هاوشێوەم لە دادگەی بەغدا بردووەتەوە."
لە ناوەرۆکی ماددەی 340ی یاسای هەموارکراوی سزاکانی عێراق ژمارە 111ی ساڵی 1969دا هاتووە، "هەر فەرمانبەرێک یان راسپێردراوێک بۆ راپەڕاندنی ئەرکێکی گشتی، بە مەبەستەوە زیان بە سامان یان بەرژەوەندییەکانی ئەو دامەزراوە بگەیێنێت کە کاری بۆ دەکات؛ یاخود زیان بە سامانی ئەو کەسانە بگەیێنێت کە بەهۆی کارە فەرمییەکەیەوە پێی راسپێردراون، بە زیندانیکردن سزا دەدرێت، بەڵام نابێت ئەو سزایە لە حەوت ساڵ زیندانیکردن زیاتر بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ