رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی دا گوتی، "کاک ئیدریس زۆری بۆ گەلی کوردستان کرد، بەڵام کەم کار کراون بۆ نیشاندانی خەباتی کاک ئیدریس بارزانی." دەشڵێت، "دوای 10 ساڵ شەڕی نێوخۆیی، کاک ئیدریس رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ مام جەلال مۆر کرد."
"ئیدریس بارزانی - ئەندازیاری ئاشتی" بەڵگەفیلمێکی تۆڕی میدیایی رووداو و بڕیارە ئەمشەو، لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، لە رووداو پەخشبکرێت و ماوەکەی یەک کاژێرە. ئەمساڵ لە ساڵیادی کۆچی دواییەکەی ئەمساڵدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران ئامادەی بوو.
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی رووداو، پرۆدیۆسەری بەڵگەفیلمەکەیە و لە ئامادەکردن و دەرهێنانی ئاسۆ حاجییە، کاژێر 22:00ـی ئەمشەو 31ـی کانوونی دووەمی 2023 لە رووداو پەخش بکرێت.
وەک ئاکۆ محەممەد لە گوتەکانیدا باسی کرد: سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوکاتەی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا دەبێت لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای دهۆک، هەواڵی کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانی برای پێدەگات، هەستی خۆی دەنووسێت و لە رستەیەکدا دەڵێت، "تۆ خەمخۆری خەمی هەژار و لێقەوماوان بووی."
دەقی گوتاری ئاکۆ محەممەد لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی
ئێوارەباش
بەڕێز کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەڕێزان بنەماڵە و هاوخەبات و دۆستانی کاک ئیدریس بارزانی
ئامادەبووانی بەڕێز..
بە گەرمی بەخێرهاتنی ئێوەی بەڕێز دەکەم. سوپاسی هاتنتان دەکەین. دەزانم هەمووتان وەک وەفاداری بۆ گیانی پاکی کاک ئیدریس هاتوون بۆ ئەم رێوڕەسم و بۆنەیە. میوانە بیانییەکانیشمان هاتوون زیاتر سەبارەت خەباتگێڕی گەورەی کوردستان کاک ئیدریس بارزانی بزانن.
بیروەری کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانی لای بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژێکی زۆر تایبەتی هەموو ساڵێکە. چونکە بەڕێزیان وەک یەکێک لە هەرە خۆشەویسترین کەسەکانی دەڕوانێتە کاک ئیدریس و بە یەكێک لە رێنوێنە هەرە لەپێشەکانی تەماشای دەکات. هەروەها کاک مەسرور بارزانیش زۆر خۆشەویست بووە لەلای بەهەشتی کاک ئیدریس بارزانی. ئامادەبوونی بەڕێزیان ئەمڕۆ لەم بۆنەیەدا جێگەی رێز و خۆشحاڵی هەموومانە، بەخێربێن.
من و ملیۆنان کەس لە گەلی کوردستان کاک ئیدریس بارزانیمان نەبینی، بەڵام بەرهەمی خەباتی پڕ لە ماندووبوون و بێ وەستانی کاک ئیدریس بارزانیمان بینی کە ئازادبوونی بەشێکی کوردستان و داننانی یاسایی بوو بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد و هەبوونی یاسایی کوردستان. بەدیهاتنی ئاواتی کاک ئیدریسمان بینی کە گەڕانەوەی خەڵک بوو بۆ شار و گوندەکانیان. چونکە کاک ئیدریس بارزانی پێیوابوو، ئاوارەبوونی خەڵک لە ئەنجامی نسکۆی ئەیلوول بەرپرسیارێتی ئەوانە و گێڕانەوەشیان بۆ وڵات و شار و گوندەکانیان ئەرکی ئەوانە. ئەمە ئەوپەڕی ئازایەتی سیاسییە لە قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی و ملدانە بەر ئەرکی نیشتمانی.
دوو رستە لێرەدا بۆ من زۆر سەرنجڕاکێشن. سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوکاتەی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا دەبێت لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای دهۆک و هەواڵی کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانی برای پێدەگات، هەستی خۆی دەنووسێت و لە رستەیەکدا دەڵێت، "تۆ خەمخۆری خەمی هەژار و لێقەوماوان بووی." هەروەها یەکێک لە رۆشنبیرترین سیاسەتڤانەکانی کوردستان و یەکێک لە نزیکترین دۆستەکانی کاک ئیدریس کە ئەویش کاک فەلەکەدین کاکەییە دەڵێت، "کاک ئیدریس هیچی بۆ خۆی نەدەویست، هەر دەیویست خەمی خەڵک نەهێڵێت." بێگومان هەر ئەوەش نهێنی نزیکبوونی بووە لە خەمی هەژار و لێقەوماوان.
کاک ئیدریس بارزانی، کەسێکی ئاشت بوو لەگەڵ رووحی خۆی، چونکە زۆر خاکەرا بوو. کەسێکی ئاشتیخوازبوو لەگەڵ هاوبەش و رکابەرانی ناوخۆیی بۆ ئەوەی ئاشتی هەبێت، بۆیەش دوای 10 ساڵ شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ مام جەلال مۆر کرد و ئەوەی کردە ئاشتبوونەوەی گشتیی نێوان هەموو حیزبەکانی کوردستان، کە سەرئەنجام ئەو بەرە کوردستانییە دروستبوو کە بەشێک بوو لە ئامانجەکەی بۆ یەکخستنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان. هەر لەبەرئەوەش حیزبەکان و خەڵکی کوردستان جوانترین نازناویان پێبەخشی کە ئەویش "ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی" بوو.
کاک ئیدریس نەیدەویست کەس بژاردەی شەڕ هەڵبژێرێت هەر لەبەرئەوەش لە دوایین دانیشتنیدا لەگەڵ سەدام حوسێن پێیگوت، "سازش بۆ گەلەکەت بکە نەک بۆ وڵاتێکی دیکە"، کە سەدام بە گوێی کاک ئیدریسی نەکرد، خۆی دیکتاتۆربوونی هەڵبژارد و لە ئەنجامیشدا کوردستان و عێراقی وێرانکرد و شەڕی عێراق و ئێرانی هەڵگیرساند.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بەڵگەفیلمی (ئیدریس بارزانی.. ئەندازیاری ئاشتی)یە، کە بە کورتی بەشێک لە خەبات و باوەڕی کاک ئیدریس بارزانی نیشاندەدات. ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنجە هەموو هاوخەبات و دۆستانی کاک ئیدریس کە باسی دەکەن یەکسەر دەگەشێنەوە. ئەوە مانایەکی زۆر گەورەی هەیە. نیشاندەدات چەند گەورە و خۆشەویست بووە لای هەمووان. وەک یەکێکیان دەڵێت کە قسەی دەکرد زۆر شیرین قسەی دەکرد و زۆریش شیرینتر دەبوو لەلای خەڵک.
زۆر سوپاسی یەک بە یەکی ئەو هاوکارە بەتوانایانەی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم کە بەشداربوون لە بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگەفیلمەدا. سوپاسێکی تایبەت بۆ کاک ئاسۆ حاجی کە بەخۆشییەوە ئەم پڕۆژەیەی قبوڵکرد و بەلێزانی زۆری خۆی کارێکی زۆر باشی کرد بۆ بەرهەمهێنانی.
کاک ئیدریس زۆری بۆ گەلی کوردستان کرد، بەڵام کەم کارکراون بۆ نیشاندانی خەباتی کاک ئیدریس بارزانی. هیوادارم ئەم بەرهەمەی رووداو ببێتە بزووێنەرێک بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی زیاتر و باشتر لەسەر خەبات و باوەڕی کاک ئیدریس بارزانی.
زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ