سەندیکای رۆژنامەنووسان: نیوەی ژنانی رۆژنامەڤان رووبەڕووی هەڕەشە و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە

31-01-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و 600 دەزگای راگەیاندنی جۆراوجۆر هەن، بە گوێرەی راپۆرتەکانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، نیوەی ژنانی رۆژنامەڤان لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گێچەڵ و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە. سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنانووسانی کوردستانیش دەڵێت، زۆرینەی گێچەڵەکان لەلایەن بەڕێوەبەری دەزگاکانەوە دەکرێن.
 
رۆژی دووشەممە 30-1-2023، نەزاکەت حوسێن، سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمساڵ بۆ یەکەمجار راپۆرتێکمان لەبارەی دۆخی ژنانی رۆژنامەڤانەوە ئامادە کرد، سەردانی مەیدانیمان کرد و ژنانی رۆژنامەڤانمان دوواند و لە دۆخی کارکردنیانمان کۆڵییەوە، کە دەرکەوت بەراورد بە پیاوان جیاکارییەکی زۆریان بەرامبەر دەکرێت."
 
نەزاکەت حوسێن دەڵێت، ژنان لە دەزگاکاندا وەکو پیاوەکان مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت و لە رووی وەرگرتنی مووچەشەوە یەکسان نین؛ "لە کارکردنیشدا زۆرجار ژنان نانێردرێن بۆ کارە سیاسییەکان؛ رۆژنامەڤانی ژن هەیە دەڵێت لە دەزگاکەدا گوتوویانە دەبێت تەنیا کاری کۆمەڵایەتی بکەیت و رێگەیان نەداوە هیچ کارێکی سیاسی بکات لەکاتێکدا خواستی خۆی بووە."
 
یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم کاری رۆژنامەڤانانی ژن لە دەزگاکانی راگەیاندندا، بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان رێگریکردنە لە پێشکەوتنی ژنان لە کاری میدیاییدا. دەشڵێت: "دەبوو تایبەتمەندی ژنانی رۆژنامەڤان لەبەرچاو بگیرایە، بەڵام وانییە، بۆ نموونە لە مۆڵەتی دایکایەتیدا مافیان رەچاو ناکرێت؛ دایەنگە بۆ منداڵەکانیان دەستەبەر ناکرێت."
 
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی رۆژنامەڤانانی ژن گێچەڵی سێکسییە؛ نەزاکەت حوسێن دەڵێت: "لە راپۆرتەکانی ساڵانی 2021، 2022 و ئەمساڵیش کە راپۆرتمان لەسەر دۆخی ژنان کردووە، گێچەڵ و هەراسانکردنی ژنان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بەجۆرێکە بەگوێرەی ئەوانەی گفتوگۆمان لەگەڵ کردوون نیوەی ئەو ژنانەی وەکو رۆژنامەڤان کاردەکەن رووبەڕووی گێچەڵ و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە و یاسایەکی تایبەتیش نییە مافیان بۆ وەرگرێتەوە و پارێزراوبن."
 
زۆرینەی ئەو کەسانەی هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی لە رۆژنامەڤانان دەکەن، بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان، "بەڕێوەبەرەکانن." نموونەیەکیشی هێنایەوە و گوتی: "پار لە یەکێک لە دەزگا ئەلیکترۆنییەکان کە وێبساتێک و پەیجەکانییەتی، چەند کچ هەبوون لە دەزگاکەدا هەموویان لەلایەن بەڕێوەبەرەکەوە روووبەڕووی هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی کرابوونەوە و بەڕێوەبەرەکە دەستگیریش نەکرا، لەکاتێکدا لەلایەن کچەکانەوە سکاڵاشی لەسەر تۆمار کرابوو."
 
لەبارەی دەستگیرکردن یان دەرکردنی ئەو کەسانەی گێچەڵ و هەڕەشەی سێکسی لە رۆژنامەڤانانی ژن دەکەن، نەزاکەت حوسێن گوتی: "داتامان لەبەردەست نییە؛ بەڵام لە پلانماندایە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکان و زانینی سزادانی تۆمەتباران بکەین."
 
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ رووداو، زیاتر لە شەش هەزار رۆژنامەڤانی "کارا" ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن، زیاتر لە هەزار و 600 دەزگای راگەیاندنیش لە سەندیکاکە تۆمارکراون؛ زیاتر لە 950 گۆڤار و رۆژنامە، زیاتر لە 300 کەناڵی تەلەڤزیۆنی؛ زیاتر لە 250 رادیۆ و نزیکەی 100 ماڵپەڕی تۆمارکراویش لە سەندیکا هەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە