رووداو دیجیتاڵ
ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور دەڵێت، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە باس لە دامەزراندنی لیوایەک لە فەرماندەییەکەیان دەکەن. گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور دەڵێت، هەرکاتێک وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی دامەزراندنی رەوانە کرد، ئەوان دەست بەناونووسین دەکەن.
لە رۆژی سێشەممە 29-11-2022ەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە هێزی زیاتری پاسەوانی سنوور لە سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت و دەرگای دامەزراندنیش بۆ سێ هەزار کەس بۆ پاسەوانی سنوور دەکرێتەوە، بەڵام پاسەوانی سنوور دەنگۆی دامەزراندنەکە رەتدەکەنەوە.
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 30-11-2022، فەرماندەیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە ئەرکیان لە هەرێمی کوردستانە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دەنگۆی پێکهێنانی لیوایەک و دامەزراندن رەتدەکەینەوە و ئێستا بە فەرمی هیچ بابەتێکی دامەزراندن لە فەرماندەییەکەمان نییە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی پاسەوانی سنوور - ناوچەی یەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لیوایەک دادەمەزرێت بۆ پاراستنی سنوورەکان و دەبێت هەموو ئەندامەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە بن کە ئەرکیان تێیدا دەبێت. ئێمە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و تاوەکو ئێستا هیچ فەرمانێکی دامەزراندنمان بۆ نەهاتووە."
عەقید کاروان خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد کە دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی دەوێت و گوتیشی: "هەرکات فەرمانەکە گەیشتە ئێمە، بە فەرمی رایدەگەیێنین و بەگوێرەی ئەو مەرجانەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دیارییان دەکات ناونووسین بۆ دامەزراندن دەستپێدەکەین."
فەرماندەیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە سەر بە حکومەتی عێراقە، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ