ناڕەزایی بەشێک لە دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە زانکۆلاین بەردەوامە

30-10-2021
گۆڤەند مستەفا
خۆپێشاندانی قوتابییە ناڕازییەکان لە سلێمانی. وێنە: رووداو
خۆپێشاندانی قوتابییە ناڕازییەکان لە سلێمانی. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناڕەزایی بەشێک لە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە زانکۆلاین لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر بەردەوامە؛ قوتابیان داوا دەکەن کورسی زیاد بکرێت بۆئەوەی نمرە دابەزێندرێت. هەروەها کۆلێژەکانی ئێوارانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بکرێتەوە.
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە 30-10-2021، وەکو رۆژانی پێشووتر خوێندکاران و قوتابیانی ناڕازی دەرچووی 12ی ئامادەیی لە شاری سلێمانی دەستیان بە رێپێوانێک کردووە لە بەردەم پەروەردەی رۆژئاواوە دەچنە بەردەم زانکۆی سلێمانی.
 
رۆژی هەینی 29-10-2021، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا کە ژمارەیەک کورسیی خۆڕایی لە بەشی پزیشکیی گشتی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان زیاد بکات، د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەو قوتابیانەی نمرەکانیان لە سەروو 99ـوەیە، بە خۆڕایی لە بەشی پزیشکیی گشتی وەردەگیرێن. هەروەها ئەو راوێژکارە باسی لەوەشکرد کە ئەگەر هەڵەیەکی تەکنیکی روویدابێت، چارەسەر دەکرێت. 
 
خوێندکاران و قوتابیانی دەرچووی 12ی ئامادەیی، بەوە رازی نین کە تەنیا کێشەی ئەو خوێندکارانە چارەسەربکرێت کە تێکڕای نمرەیان لە 99 زیاترە، بەڵکو داوا دەکەن کێشەی ئەوانەش کە کۆنمرەکانیان 60 و 70یە چارەسەر بکرێت.
 
یەکێک لەو خوێندکارە ناڕازییانە قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات و دەڵێت: "نمرەکەم 70یە و لەسەر دوو پۆینت وەرنەگیراوم، ئەو بەشەی کە من دەمەوێت 3 نمرەی چووەتەسەر، بەوەشەوە دوو پۆینتم ماوە وەرناگیرێم، ئێستا ناوم لە پەیمانگەیەکی دیکە هاتووەتەوە کە بە دڵی خۆم نییە و دەبێت بە پارالێلیش بخوێنم، وایان لێکردووە هەموو شتێکیان کردووە بە پارە.. بەش هەیە 7 نمرە چووەتە سەری، کێشەکە بەس 99 و هەشتاکان نییە، هەر هەموویەتی".
 
کچە خوێندکارێکیش دەڵێت، 76ی هێناوە و لە هیچ بەشێک ناوی نەهاتووەتەوە، "هاوڕێم هەبووە نمرەکەی لە من کەمتر بووە 26 شوێنی پڕکردووەتەوە ناوی گەڕاوەتەوە. هەروەها پێویستە لە سنووری پارێزگای سلێمانیش ئێواران بکرێتەوە، بۆچی لە هەولێر و دهۆک هەیە بۆ لێرە نییە؟ هەموو رۆژێک لە خۆپێشاندان و گردبوونەوە بەردەوام دەبین تاوەکو کورسییان پێ زیاد دەکەین و نمرە دادەبەزێندرێت".
 
بە هەمان شێوە لە شاری هەولێریش گردبوونەوەی قوتابیانی ناڕازی بەردەوامە، لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی قوتابیانی ناڕازی قسەیان بۆ هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر کرد و یەکێک لە کچە قوتابییە دەرچووەکان گوتی: تێكڕای نمرەکەی 98.8ـە و لە کۆلێژی پزیشکی بە سیستەمی پارالێل ناوی گەڕاوەتەوە کە بۆ ماوەی شەش ساڵ دەبێت پارە بدات، پارەکەش 6 ملیۆن 600 هەزارە بە داشکاندنەوە، تەنیا لەبەر 2 پۆینت. 
 
یەکێکی دیکە لە کچە خوێندکارە ناڕازییەکان دەڵێت، تێكڕای نمرەی 87ـە و ناوی لە پەیمانگەی پزیشکی گەڕاوەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو ئەو نمرەیە لە کۆلێژ وەرگیراوە. ئەو خوێندکارە دەشڵێت، "من سیستەمی پارالێلیشم پڕکردبووەوە بۆ کۆلێژ، بەڵام بە پارالێلیش ناوم نەهاتووەتەوە، بۆیە ناچار دەبم بچم لە کۆلێژە ئەهلییەکان بخوێنم، ئەگەر کێشەی 99یەکان چارەسەر بکرێت، پێویستە کێشەی ئێمەش چارەسەر بکرێت، چونکە چارەسەرکردنی کێشەی 99یەکان کاریگەری بەسەر ئێمەوە نابێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گرتووخانەی ئەوین لە تاران.

لە سنە 70 بەندکراو ئازاد کران

لە زیندانەکانی سنووری پارێزگای سنە 70 زیندانی ئازاد کران؛ بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری زیندانەکانی پارێزگاکە دەڵێت، لەلایەن خێرخوازانەوە 20 ملیار تمەن بۆ ئازادیی ئەو بەندکراوانە کۆکراوەتەوە.