وەزارەتی کار بۆ دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووک چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە

30-09-2020
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن قەرز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کار رێکاری دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووکی داناوە و چاوەڕوانی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات. بەڕێوەبەری قەرزی بچووکیش دەڵێت، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە داوای پارە لە حکومەت ناکەین.
 
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری قەرزی بچووك لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی پێدانی قەرزی بچووک بە گەنجان کردووە، تەنیا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ماوە."
 
بەڕێوەبەری قەرزی بچووك ئاماژەی بەوە دا، ئەوان لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بە نووسراوی فەرمی داوای رەزامەندییان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، ئەوان و وەزارەتی داراییش پێیان باش بوو، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پرۆسەکە دواکەوتووە.
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە چەند رۆژی داهاتوودا دووبارە داواکاری و رێکاری دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەنەوە.
 
بەڕێوەبەری قەرزی بچووك لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گوتیشی: "بەپێی ئەو رێکارەی کە دامانناوە ئەمجارە بۆ پێدانی قەرزی بچووک تەنیا سوود لەو پارەیە وەردەگرین کە پێشتر داومانە بەو گەنجانەی سوودمەند بوون و ھیچ بڕە پارەیەك لە حكومەت وەرناگرین."
 
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەشەوە کە گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتەکە، ئارام ئەنوەر ئاشکرای کرد، "2020/01/01ـەوە تاوەکو 2020/09/01  بڕی دوو ملیار و 675 ملیۆن دینارمان وەرگرتووەتەوە، کۆی گشتی ئەو قەرزانەی وەرگیراونەوە تاوەکو ئێستا 43 ملیار و 757 ملیۆن دینارە لە کۆی ئەو 76 ملیار و 865 ملیۆنەی درابوو بەو گەنجانەی پرۆژەیان پێشکەشی ئێمە کردبوو کە ژمارەیان 8 هەزار و 666 کەسە."
 
بە گوتەی ئارام ئەنوەر، "ئەوانەی پێشتر لەو قەرزە سوودمەند بوون بەردەوام قیستەكانیان دەگەڕێننەوە و بڕیاریش درابوو ئەوەی تاوەکو 2020/09/30 قەرزەكەی بگەڕێنێتەوە، لە 15%ی خۆش ببن، ئەو بڕیارەش بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

ئەلمۆنیتۆر: مەزڵووم عەبدی سەردانی هەولێر دەکات

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئینگلیزی بڵاوی کردەوە، بڕیارە بەمزووانە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەردانی باشووری کوردستان بکات و لە پیرمامیش لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە.