رووداو دیجیتاڵ
کەمیی ژمارە و دواکەوتنی مووچەی ژینگەپارێزانی ئیدارەی راپەڕین بۆ سێ مانگ جارێک، دۆخی ئەو توێژەی سەخت کردووە و بووەتە هۆکاری کەڵەکەبوونی زبڵ لە سنووری ئیدارەکە. کۆمپانیای پاککەرەوە خەرجنەکردنی تەواوەتیی پێشینەیان بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە دەزانێت. شارەوانیی راپەڕین بەڵێن بە ژینگەپارێزان دەدات "بەمنزیکانە مووچەکانیان زیاد دەکرێت."
570 ژینگەپارێز کاری پاککردنەوەی سنووری راپەڕینیان لەئەستۆ گرتووە. ئیبراهیم مەعرووف، ژینگەپارێز، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، "مووچەی مانگانەمان 335 هەزار دینارە و زۆر کەمە، پێشتریش بۆ زیادکردنی مووچە گردبوونەوەمان کردووە. کارەکەمان ناچارییە و بەشێکمان دەرچووی زانکۆین. 99%ی ژینگەپارێزان کرێچین، خێزاندارین و دۆخمان خراپە."
بەپێی گرێبەستی نوێی کۆمپانیای پاککەرەوە، مووچەی هەر ژینگەپارێزێک بۆ 400 هەزار دینار زیاد دەکرێت و لە تەندەری نوێی کۆمپانیاش ژمارەی ژینگەپارێز کەمکراوەتەوە.
ئاسۆ عومەر، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای بیڤان بۆ پاککردنەوە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەکە گوتی، "قەیرانی دارایی هۆکاری دواکەوتنی مووچەی ژینگەپارێزانە. مانگانە 300 ملیۆن دینار خەرج دەکرێت، کە دەکاتە 60%ی پێشینەمان؛ ئەوەش تەنیا بەشی مووچەی ژینگەپارێزان دەکات."
شارەوانییەکانی راپەڕین، هۆکاری خەرجنەکردنی تەواوەتیی پێشینەی کۆمپانیای پاککەرەوە بۆ "نەبوونی نەختینە لە بانکەکان" دەگەڕێنێتەوە.
ئەندازیار سەباح ئەنوەر، یاریدەدری بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین، لە بەرپرسیار، هۆکاری کەمکردنەوەی ژمارەی ژینگەپارێزان بۆ "پێویستیی سنوورەکە" گەڕاندەوە. سەباح ئەنوەر گوتی، "دەستوەردانمان کردووە لە نرخ، لە تەندەری نوێ کرێی ژینگەپارێز لە 400 هەزار دینار کەمتر نابێت و لە ئاییندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت."
بەهۆی کەمکردنەوەی ژمارەی ژینگەپارێز، خاشاکێکی زۆر لە سنووری راپەڕین کەڵەکە بووە. سەرپەرشتیاری کۆمپانیای بیڤان دەڵێت، "بەپێی زۆن کار دەکەین. رۆژێک زۆنێک کار دەکات و زۆنەکەی دیکە لە کار نابن. لە گەڕەکەکان رۆژ نا رۆژێک زبڵ هەڵدەگیرێتەوە."
سەرجەم ژینگەپارێزانی سنووری راپەڕین سەرەڕای دواکەوتنی مووچەکانیان، بەڵام "هیچ ژینگەپارێزێک بایکۆتی کاری نەکردووە" و رۆژانە زیاتر لە شەش کاژێر کار دەکەن، "هەر 570 ژینگەپارێزی سنوورەکە دەستەبەر کراون."
داڕشتنەوەی هەواڵ: عەدنان رەشید
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ