رووداو دیجیتاڵ
خاوەن زەوییەکانی باغەمرەی شەهاب داوادەکەن حکومەت رێگەیان بدات خانوو دروست بکەن و خزمەتگوزارییان بۆ بچێت. قایمقامی دەشتی هەولێریش بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەو زەوییانە هەمان بڕیاری زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دەیانگرێتەوە.
خاوەن زەوییەکانی باغەمرەی شەهاب کە دەکەونە سەر رێگەی کەرکووک-هەولێر و لە سنووری قەزای دەشتی هەولێردان، وەک خۆیان دەڵێن 22 هەزار پارچە زەوین و شەش هەزاریان تاپۆکراون و ئەوانی دیکەش ژمارەیان وەرگرتووە و هێشتا تاپۆ نەکراون. داوادەکەن حکومەت رێگەیان بدات خانوو دروست بکەن و خزمەتگوزارییان بۆ بچێت.
لەبارەی کێشەی ئەو زەوییانەوە جوان رەفیق، قایمقامی دەشتی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "زەوییەکانی باغەمرەی شەهاب هاوشێوەی هەشتی حەسارۆک پێشتر لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە دابەشکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە."
رۆژی چوارشەممە 2021/05/12 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای سەردانی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک رایگەیاند: "لە ئایندەیەکی نزیکدا، کێشەکانیان [کێشەی خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک] چارەسەر دەکات و بوار بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناکردن دەکرێتەوە و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێکی گونجاو دەستپێدەکات."
قایمقامی دەشتی هەولێر گوتیشی: "ئەو بڕیارەی بۆ زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دەرچووە، لە بڕیارەکەدا دەڵێت زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک و هاوشێوەکانی، واتە ئەو زەویانەی دیکەش وەک باغەمرەی شەهاب لەو بڕیارە سوودمەند دەبن، بەڵام ئەمە پێویستی بە کاتە و دەبێت رێنوێنی بۆ دەربچێت."
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، لە شوێنەکانی دیکەیش کێشەی هاوشێوە چارەسەر بکەن و خزمەتگوزاریی پێ بگەیەنن، "بۆ ئەوەی لە کاتێکی زوودا، ئاوەدانی لەو شوێنانە دەست پێبکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ