رووداو - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد و دەڵێت، نیگەرانین لە پەرەسەندنی چالاکی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی درەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێرشکردنە سەر جووتیارانی کورد و رفاندنیان.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەیجەر جەنەراڵ ئیریک هیل، فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا گفتوگۆیان دەربارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان کرد.
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرد.
جەنەراڵ هیل ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا و هاوپەیمانانە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا. گوتیشی "شەڕی تیرۆر هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بین و زیاتر پەرەی پێبدەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ