فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و کۆمیسیۆن کارا بکاتەوە

30-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکات، تاوەکو 18ـی ئایار لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارابکرێتەوە بۆ ئەوەی شەش مانگ کات لەبەردەم کۆمیسیۆنەکەدا بمێنێت بۆ هەڵبژاردن، لەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردن دیاری کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 30ـی نیسانی 2023، لە راگەیێندراوێکدا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، "لە نزیکترین کاتدا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەرکەکانی بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنێت".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئاماژە بە فەرمانی هەرێمیی رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان ژمارە 90 لە 26-3-2023 بە دیاریکردنی رۆژی 18-11-2023 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و فەرمانی رێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان بە ژمارە (1474) لە 16-4-2023 بۆ راسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن. ئاماژە بە یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2022، یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە پەرلەمانی کوردستان لەماوەی دیاریکراودا هەنگاوە پەرلەمانییەکانی بنێت و ئەرکەکانی بەجێبگەیێنێت بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساسایی و کارگێڕی و هونەرییەکانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و جێتمانە و دەستبەری تۆماری بایۆمەتری پاک و بێگەرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا".
 
فراکسیۆنی پارتی داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکات، "لە نزیکترین کات"دا پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم ئەرکانەی خوارەوە کۆببێتەوە:
 
1- لە دانیشتنی رۆژی 14-3-2023 بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک دراوە و ئەرکەکانی لیژنەکە کۆتایی هاتووە و پێویستە لە چەند رۆژی ئاییندەدا متمانەدان بە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی کارەوە بەر لە 18ـی ئایار، کە دەکاتە 6 مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و بیانووی دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.
 
2- لە ماوەی رابردوودا یەکێک لە بەربەستە سیاسییەکان یاسای هەڵبژاردن بووە، ئێستا لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و لەم بارەیەوە پارتیمان نەرمی زۆری نواندووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش داوا دەکەین سەرجەم ئەو پێشنیازەیاسایانەی لەلایەن فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانەوە پێشکێشکراوە خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت و بچێتە نێو پڕۆسەی یاسادانان تاوەکو بەر لە 18ـی ئایار یاسای نوێ لە بەردەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستاندا بێت و هەڵبژاردن لە کاتی دیارکراودا بکرێت.

 

 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان نۆ ئەندامی هەیە، سیانیان پارتی، دووانیان یەکێتی، دووانیان گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش هەر یەکێکیان ئەندامێکیان هەیە. دوو لەو ئەندامانەی پارتی داینابوون، یەکێکیان کۆچی دوایی ردووە و ئەوی دیکەش پۆستی دیکەی وەرگرتووە. بەگوێرەی رێککەوتنی لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، هەمان کۆمیسیۆن کارا دەکرێتەوە بە پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکان.
 
لایەنەکان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی رێککەوتوون، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن وەکو ئێستا کارابکرێتەوە؛ بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دوای رێککەوتن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بە دەنگی زۆرینە کۆمیسیۆنیش کە ماوەکەی بەسەرچووە کارا بکرێتەوە.
 
رۆژی 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن خستەڕوو و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیاڤان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک

ئاماری دهۆک: ئەمڕۆ 100٪ـی خێزانەکان لە سەرژمێریدا تۆمار دەکرێن

پڕۆسەی تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا بەردەوامە، بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک دەڵێت: ''ئەمڕۆ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بژمێرەکان سەردانی خێزانێکیان نەکرد، پێویستە پەیوەندیمان پێوە بکەن".