دەستەی وەبەرهێنان بۆ دانیشتووانی وەرین سیتی: کێشەکانتان چارەسەرکراوە و سەردانمان بکەن

30-04-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن وەرین ستی گوندی کۆری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشەی خاوەنی شوقە و خانووەکانی وەرین سیتی لە هەولێر چارەسەکراوە، داوا لە خاوەنی یەکەکانی پرۆژەکە دەکات، لە 2ـی ئایارەوە سەردانیان بکەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتە یاساییەکان و نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان.
 
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 30ـی نیسانی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ئەوەی لە رابردوودا بەهۆی کەمتەرخەمییەوە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی وەرین سیتی لە وەبەرهێنەکەی وەرگیرایەوە و درایە وەبەرهێنێکی دیکە، کێشەی یاسایی بۆ دروستبووە، بەڵام لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکهێنرا و کێشەکانیان چارەسەرکردوون.
 
ئاکرەیی داوای لە بەشداربووانی پرۆژەی وەرین سیتی کرد، ئەوانەی خانوویان لە پرۆژەکەدا هەیە لە 2ـی ئایارەوە بۆ 1ـی ئاب سەردانیان بکەن، هەروەها خاوەن شوقەکانیش لە 2ـی ئابەوە بۆ 1ـی ئۆکتۆبەر سەردانیان بکەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتە یاساییەکانیان و نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان.
 
پڕۆژەی وەرین سیتی لەسەر رووبەری 350 دۆنم دروستكراوە و لە هەزار و 500 یەكەی نیشتەجێبوون پێکدێت؛ پڕۆژەکە ساڵی 2010 مۆڵەتی وەبەرهێنانی پێدراوە.
 
یەکێکی دیکە لەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون کە ساڵانی رابردوو دروستکراون و کێشەی یاساییان هەبووە، گوندی کۆرییە لە هەولێر، دوێنێ کاروان کەریم، یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆتایی مانگی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر کردووە بۆ تاپۆکردنی زەوییەکان و لە بەرامبەردا هەموو لایەنەکان وەڵامی نووسراوەکەیان داوەتەوە و رایانگەیاندووە، "لارییان نییە و تاپۆکردنی زەوییەکان کێشەی یاساییان نییە". گوتیشی، لەم هەفتەیەدا زەوییەکانیان بۆ تاپۆ دەکرێت.
 
بەرگەشت ئاکرەیی گوتی، کێشەی یاسایی خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆرییش چارەسەر کراوە و راستەوخۆ دەکرێت بەنێویانەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستی ناوێت. گوتیشی: "هەر خاوەن زەوییەکی گوندی کۆریی کێشەی یاسایی هەبوو لە 2ـی ئایارەوە دەتوانێت سەردانمان بکات".
 
گوندی كۆری له‌ ساڵی 2014 به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و كۆمپانیایه‌كی كۆریای باشوور لە ھەولێر لەسه‌ر رووبه‌ری هه‌زار و 592 دۆنم زەوی، وەک هاوکارییەک بۆ کرێنشینان بڕیاری دروستکردنی درا، کە بریتیبوون لە 5 هەزار و 304 یەکەی نیشتەجێبوون، نزیکەی 1200 لەو خانووانە دابەشکران، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک دابەشکردنی خانووەکانی دیکەی راگرت. ئێستا ئەوانەی لە چاوەڕوانیی تاپۆکردنی زەوییەکانیاندان 4 هەزار و 128 کەسن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە