وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هۆڵەندا: بووژانەوەی کوردستان بەبێ هاوئاهەنگی ئێمە بەردەوام نابێت

30-04-2022
بێستون عوسمان
سخراینەماخەر، وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هۆڵەندا
سخراینەماخەر، وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هۆڵەندا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هۆڵەندا کە ئێستا بە سەردانێک لە هەرێمی کوردستانە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "بووژانەوەی کوردستان بەبێ هاوئاهەنگی ئێمە بەردەوام نابیت."

  

سخراینەماخەر، وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هۆڵەندا لەو هەڤپەیڤینە تایبەتەدا کە بێستوون عوسمان لەگەڵی ئەنجامیدا و رۆژی شەممە 30-04-2022 پەخشکرا، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، پەیوەندیی نێوان حکومەتی هۆڵەندا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنە و گوتی، "لەبواری بازرگانیکردن و بەرەوپێشبردنی ئابووری، حکومەتەکەمان دەیەوێت هاوئاهەنگیی بکات لەگەڵ هەرێمی کوردی و حکومەتی کوردی، منیش لەبەرئەوە لێرەم، بۆ بەرەوپێشبردن و جەختکردنەوە لەسەر ئەو پەیوەندییە."
 
وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هۆڵەندا لە بارەی سامانی ئاو کە هۆڵەندا تیایدا دەوڵەمەندە و هەرێمی کوردستانیش کێشەی کەمئاوی هەیە، باسی لەوە کرد، "پێمانوایە دەتوانین ببینە هاوبەشی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی سیستمی دابینکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ."
 
سخراینەماخەر هەروەها لە بارەی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، نووسیبووی، "گفتوگۆی ئاڵنگارییەکان و چۆنێتی هاوکاریمان کردووە" ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر بتانەوێت وەبەرهێنەر لە هۆڵەندا و ئەوروپا و هەموو جیهانیشەوە رابکێشن، تاوەکو وەبەرهێنان لەم هەرێمەدا بکەن، ئەوا دەبێت، دڵنیایی بدەن لەوەی سیستمی بانکیتان رێکخراوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: بەڕێز سکراینەماخەر، سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە و بەخێربێیت بۆ کوردستان. چی تۆی لەو رێگە دوورەوە لە هۆڵەنداوە هێناوە بۆ کوردستان؟ نەک تەنیا تۆ، بەڵکو وڵاتەکەشت، بۆچی ئەمڕۆ لێرەیت و بۆچی دەتانەوێت وەبەرهێنان لە کوردستاندا بکەن؟
 
سخراینەماخەر: پەیوەندییەکانی حکومەتی ئێمە و حکومەتی ئێوە، دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو. ئێستا ئێمە راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین و هاوکارییان دەکەین. هەروەها لەبارەی بازرگانیکردن و بەرەوپێشبردنی ئابووری، حکومەتەکەمان دەیەوێت هاوئاهەنگی بکات لەگەڵ هەرێمی کوردی و حکومەتی کوردی، منیش لەبەرئەوە لێرەم، بۆ بەرەوپێشبردن و جەختکردنەوە لەسەر ئەو پەیوەندییە. 
 
رووداو: بەڵام بۆچی هۆڵەندا بۆی گرنگە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن؟ مەبەستی سەرەکیی ئامادەیی تۆ لێرە چییە، بەوپێیەی چەندین ساڵە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکەن؟
 
سکراینەماخەر: راستییەکەی ئێمە پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە، چونکە کوردێکی زۆر لە هۆڵەندا هەن، پێمانوایە ئەو پەیوەندییانەمان زۆر باشە، بەڵام مەسەلەکە پەیوەندی بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەوە هەیە، هەرێمی کوردستانیش دەبوژێتەوە، بەڵام ئەم بوژانەوە و گەشانەوەیە بەبێ هاوئاهەنگیی ئێمە بەردەوام نابێت. 
 
رووداو: یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی دەبینەوە و خۆشت لە تویتێکدا ئاماژەت پێکرد کە دوای کۆبوونەوەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، نووسیووتە، گفتوگۆی ئاڵنگارییەکان و چۆنێتی هاوکاریتان کردووە، یەکێک لە ئاڵنگارییەکان ئاماژەت بۆ کردبوو، سیستمی بانکییە لە هەرێمی کوردستان. ئایا هیچ پلانێکتان هەیە بۆ پشتیوانکردنی چاکسازی لە سیستمی بانکی لە وڵاتەکە؟ 
 
سکراینەماخەر: ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە چۆن چاکسازییەکە بێتەدی، بەڵام ئەوە حکومەتەکەی ئێوەیە کە دەبێت بە یاسای گونجاوەوە بێتەپێش و دەریبکات، هۆکاری وروژاندنی ئەم پرسەش پەیوەندیدارە بە ژینگەی وەربەهێنانی ئابوورییەوە. ئەگەر بتانەوێت وەبەرهێنەر لە هۆڵەندا و ئەوروپا و هەموو جیهانیشەوە رابکێشن، تاوەکو وەبەرهێنان لەم هەرێمەدا بکەن، ئەوا دەبێت، دڵنیایی بدەن لەوەی سیستمی بانکیتان رێکخراوە. لەبەرئەوە هانی تەواوی حکومەتەکەتان دەدەم هەوڵی تەواویان بدەن بۆ ئەوەی سیستمی بانکییان رێکبخەن و دایبمەزرێنن.
 
رووداو: کۆتا پرسیارم لەبارەی بەڕێوەبردنی سامانی ئاو و دابینکردنیەتی، ئێوە لەم بوارەدا باشترینن. ئێمەش لێرە هەمان کێشەمان هەیە، بەڵام پرسەکە ئەوەیە ئێوە ئاوتان زۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، ئێمەش ئاومان نییە کە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. بەوپێیەی لە هەموو شتێک زیاتر، ئێوە پشتیوانی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان دەکەن و ئاویش پرسێکی گرنگە، ئایا هیچ پلانێکتان هەیە بۆ پشتیوانیکردنی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ئاو و دابینکردنی؟
 
سکراینەماخەر: بێگومان! ئەمە یەکێکە لەو بوارانەی کە دەمانەوێت شێلگیرانە پێکەوە کاری لەسەر بکەین. ئێمە دامەزراوی ماریفی و زانکۆمان هەیە کە بەتەواوی دەزانن و زانیاریی سەردەمییانەیان هەیە لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاو، ئیدی ئاوی زۆر بێت، کە ئێمە هەمانە، یان ئەو کەمئاوییە بێت، کە ئێوە ئەزموونی دەکەن. لەبەرئەوە ئەوە پێمانوایە دەتوانین ببینە هاوبەشی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی سیستمی دابینکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ.
 
رووداو: زۆر سوپاس و کاتێکی خۆش بەسەرببە لە هەرێمی کوردستان.
 
سکراینەماخەر: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

ئەلمۆنیتۆر: مەزڵووم عەبدی سەردانی هەولێر دەکات

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئینگلیزی بڵاوی کردەوە، بڕیارە بەمزووانە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەردانی باشووری کوردستان بکات و لە پیرمامیش لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە.