تورکیا دەیەوێت کارگەی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە

30-01-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
وێنەکە دوو کارمەندن لە کارگەیەکی هەولێر کە براندەکەی تورکییە
وێنەکە دوو کارمەندن لە کارگەیەکی هەولێر کە براندەکەی تورکییە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

35 کۆمپانیا تورکیا لەگەڵ ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ئامانجیان کارئاسانیی بازرگانی و دروستکردنی کارگەیە لە هەرێمی کوردستان.
 
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تورکیا لە رووە بازرگانییەکەیەوە گەورەترین هاوبەشی عێراق و هەرێمی کوردستانە و ساڵانە بە بڕی 13 ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق دەکات بە گشتی، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لە بری هاوردە، پشت بەوە ببەستین کە کارگەکان بێن و لێرە وەبەرهێنان بکەن."
 
کۆمپانیا تورکییەکان، نمونەی بەرهەم و کاڵاکانیان لە کۆبوونەوەکەدا خستەڕوو، گرێبەستی فرۆشتن یاخود کارکردن بۆ بنیاتنانی کارگەی دروستکردنی بەرهەمەکانیان لە هەرێمی کوردستان، رووبەڕوو لەگەڵ خاوەن کار و بازرگانانی هەرێمی کوردستان باس کرد. 
 
سەلیم ئاکجان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی هاوردە و هەناردەکارانی تورکیا پێی گوتم، "پێویستە پەیوەندییەکانی هەولێر و تورکیا زیاتر بەرەوپێش بچن. لەو باوەڕەدام ئەو بەرەوپێشچوونە بۆ بازرگانانی هەولێر و بازرگانانی تورکیاش بە شێوەیەکی دوولایەنە رۆڵی ئەرێنی هەبێت. ئێستا لێرە 15 کەرتی کاری جیاواز هەن. دەبینین بازرگانانی هەولێر و موسڵ و کەرکووک و شارەکانی دیکەش هاتوون. هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت."
 
لە ڤیدیۆکەدا یەکێک لەو کارگانە دەبینن کە ساڵی 2017 لە هەولێر کەوتووەتە کار، بە براندی تورکی زیاتر لە 120 جۆر پێداویستیی خۆراک و پاککەرەوە بەرهەمدەهێنێت.
 
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 11 کارگە کە براندەکانیان تورکین، لە هەولێر کراونەتەوە. کارگەکان زیاتر لە 300 جۆر کاڵا و کەلوپەل و پێداویستیی رۆژانە دروست دەکەن کە سەرجەمی ئەو بەرهەمانە پێشتر هاوردە دەکران. 
 
کارگەکان مادەی سەرەتایی خام لە دەرەوە هاوردە دەکەن، بەڵام درێخی ناکەن لە رەخساندنی هەلی کاری زۆر، دڵنیایی لە کوالێتیی و زوو گەیشتنی بە بازاڕ و چەندین هۆکاری دیکەی ئەرێنی.
 
دیار دڵپاک، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی یەکێک لەو کۆمپانیایانەیە کارگەکەی لە هەولێرە، دەڵێت "لەوەتەی ئەم کارگەیە دانراوە، کۆی ئەو بەرهەمانەی ئێمە لێرە دروستیان دەکەین، هاوردە ناکرێن، لێرە بە کادیری خۆماڵی بەرهەم دەهێندرێن و زوو بە بازاڕ دەگەن. نزیکەی هەزار هەلی کاریشمان رەخساندووە."
 
زیاتر لە 50٪ـی کاڵا و کەلوپەلی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروستکراوی تورکیان، لە جلوبەرگیشدا 80٪ـی تێپەڕکردووە.
 
بازیان خدر، فرۆشیارە و دەڵێت، "جلوبەرگەکان زیاتر تورکین، هەر ئەوانەش فرۆشیان زیاترە، ئێستا بەرهەمی میسریش هاتووە، بەڵام کوالێتیی باش نییە."
 
لە نێوەڕاستی ئەم مانگە تورکیا عێراقی لە لیستی ئەو وڵاتانە دەرهێنا کە کارئاسانیی بازرگانی لەگەڵدا بکات، بەڵام ئێستا دەیەوێت کارگەی گەورەی وەبەرهێنان لە هەولێری پایتەخت وەگەڕبخات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە