رووداو دیجیتاڵ
دەرمانی قاچاخ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و وەزیری تەندروستی و کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمانیش دەڵێن، دەستیان بەسەر زیاتر لە 150 تۆندا گرتووە کە هەم بەسەرچوون و هەم بەشێکیان قاچاخ بوون. پەرلەمانتارێکیش باس لەوە دەکات، دەرزیی سڕکەر لەسەر ماتۆڕسکیل دەفرۆشرێت. پزیشکێکی دەرمانسازیش ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا پەیوەندیی پزیشک و کۆمپانیاکانی دەرمان بەجۆرێکە، "پزیشکەکە لەلای ئاساییە" پارە لە بەرامبەر نووسینی دەرمانێکی دیاریکراو بۆ نەخۆش وەربگرێت.
رۆژی یەکشەممە 29-01-2023 بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" بە بەشداریی دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، دكتۆر شێروان سادق، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، دكتۆر دلێر حوسێن، خاوەنی كۆمپانیایەكی بواری دەرمان، د. رێبین مەحموود، پسپۆڕی حوكمڕانیی تەندروستی، كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و دكتۆر ئەحمەد كەسنەزانی، نوێنەری تەندروستیی سلێمانی لە بازگەكان، بە نیشتمانیکردنی کەرتی دەرمان و رێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەم کەرتەیان تاوتوێکرد.
بازرگانی دەرمان
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 30 ساڵە هاوردەکردنی دەرمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەستی حکومەتدا نەماوە و پێی باشە حکومەت خۆی دەرمان هاوردە بکات و بیدات بە کۆمپانیاکان دابەشی بکەن.
د. سامان بەرزنجی رایگەیاند، "پرسی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە تێپەڕبوونی کات ئاڵۆزکراوە، سیستمی تەندروستیی ئێمە تاوەکو ئێستاش سیستمێکی عێراقییە، پێشتر دەرمان لە عێراقدا لەدەست بازاڕ نەبوو، بەڵام دواتر ئەو سیستمە تێکچوو و زیاتر لە 30 ساڵە سیستمی دەرمان کەوتووەتە دەستی بازاڕی ئازادەوە کە بەڕای من نابێ بەم شێوەیەبێت و دەبێت هێنانی دەرمان لە دەستی حکومەت بێت و خۆی بەسەر بازرگانانی ئەم بوارەدا دابەشی بکات."
وەزیری تەندروستی دەڵێت: "لە رابردوودا کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان بە سیستم نەکراوە، لەم دوو ساڵەی دواییدا دەستمان پێکردووە و قۆناخی زۆر باشمان لەم پێناوەدا بڕیوە."
د. سامان بەرزنجی ئاماژە بە چاکسازییەکانیان لە وەزارەتەکەی دەدات بۆ نەهێشتنی ئەم ئاڵۆزییەی لە بازاڕی دەرماندا هەیە و پێیوایە: "پزیشکێکی دەرمانساز کە لە کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان کاردەکات، نابێت لە کۆمپانیا کار بکات و دەستی هەبێت لە رێگەپێدانی دەرمان و دانانی نرخ و خەرجکردنی دەرمان، هاوکات نابێت هیچ پزیشک و کارمەندێکی تەندروستی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیای دەرمان بکات." گوتەیەک کە کاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوە کرد، بە بەڵگە دەیسەلمێنێت کە پزیشکەکان و خەڵکیش لە وەزارەتی تەندروستی پەیوەندییان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان هەیە.
نرخ بۆ 11 هەزار جۆر دەرمان ئامادەکراوە
وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا سیستمی نرخی دەرمان لە بازاڕدا چالاک نەبووە و ماوەی مانگێکە دەستمان کردووە بە دانانی نرخ کە هاوکاتە لەگەڵ کەمکردنەوەی نرخ، دەستکاریی نرخی زیاتر لە 11 هەزار جۆری دەرمانمان کردووە و دەیخەینە سەر هەموو دەرمانێک."
د. سامان بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات کە دانانی ستیکەر بەو سیستمەی ئەوان پەیڕەوی دەکەن، رێگە لە ئاڵۆزیی نرخ و هەبوونی دەرمانی کوالێتی نزم دەگرێت و دەشڵێت، "ئەو سیستمە تەکنەلۆژیایەی ستیکەرەکەی پێ رێکدەخەین، هیچ دەرفەتێک بۆ ساختەکاری ناهێڵێتەوە."
پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی
وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەیاسایەکیان بۆ سیستمی بیمەی تەندروستی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە هاووڵاتییان بەشداربن لە دابینکردنی بودجەی تەندروستیی هەرێمی کوردستان. گوتی، "بۆ دابینکردنی بودجەی تەندروستی لە دنیادا تەنیا حکومەت بەرپرس نییە، بەڵکو هاووڵاتیش ئەرک و بەرپرسیاریەتی هەیە لە دابینکردنی ئەم بودجەیە، بۆیە ئێستا کۆنووسی پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستیمان ئامادەکردووە بۆ پاڵپشتی لە سیستمی تەندروستی و هاوسەنگی لە پێگەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان و بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیران بینێرێتە پەرلەمان."
گومرگی دەرمان
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بە زیاتر لە دوو هێندەکردنی گومرگ و رسووماتی دەرمانکرد لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و لە بەرامبەریشدا وەزیری تەندروستی گوتی، "یەک دینار"ـیشیان بۆ گومرگ و رسوومات زیاد نەکردووە.
کاروان گەزنەیی گوتی: "پێشتر پشکنینی دەرمان لە کۆنترۆڵی جۆری دەرمان بە 200 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا کراوە بە 500 هەزار دینار، باج پێشتر هەزار دینار بوو، ئێستا دوو هەزار دینارە، رێگەپێدان بە 10 هەزار دینار بوو و ئێستا بە 20 هەزار دینارە، پێشتر لێخۆشبوونی گومرگ بۆ دەرمان دەکرا، بەڵام ئێستا بۆ شیش و چیمەنتۆ دەکرێت و گومرگی دەرمان بووە بە 5٪ و پێداویستیی پزیشکی 10٪ـە و ئامێرە پزیشکییەکان 15٪ـە کە هەموو ئەمانە بەیەکەوە وایانکردووە نرخی دەرمان لە هەرێمی کوردستان زۆر زیادبکات."
د. سامان بەرزنجی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "گومرگ و رسووماتی دەرمان لە هەرێمی کوردستان یەک دیناریش زیادنەکراوە، بەڵکو رێکخراوە، لێخۆشبوونی گومرگیش بۆ ئەو رێکخراوانە دەکەین کە بە خۆبەخش دەرمان دەهێنن بۆ کەمپی ئاوارەکان یاخود لە باجی ئەو ئامێرانە خۆشدەبین کە خێرخوازێک نەخۆشخانەیەکی کردووەتەوە و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی بۆ هاوردە دەکات."
د. سامان بەرزنجی گوتیشی: "ساڵی 2020 لیژنەیەکی نۆ کەسی لە پەرلەمان راپۆرتێکی وردیان لەبارەی کێشەکانی دەرمان و وردەکارییەکانی بازاڕی دەرمان بۆ ئێمە نارد کە 80٪ داواکاری و پێشنیازەکانی جێبەجێکراوە، پەرلەمان بە ئێمەی گوتووە دەبێ دەرمان بە سیستمێکی چاودێریی ببەسترێتەوە."
"کۆمپانیاکان هۆشداری لە نرخی دەرمان دەدەن"
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بە نووسراوی فەرمیی 14 کۆمپانیای دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەدات کە بۆ وەزیری تەندروستییان ناردووە و هۆشدارییان لە گرانبوونی نرخی دەرمان بۆ 10 هێندەی ئێستا داوە.
کاروان گەزنەیی دەڵیت: "14 کۆمپانیای دەرمان لە هەرێمی کوردستان یاداشتیان ئاراستەی وەزیری تەندروستی کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە نرخی دەرمان سەرباری گرانبوونی بەهۆی گومرگ و رسووماتەوە، دوای ستیکەر 10 هێندەی ئێستا لە بازاڕدا گران دەبێت."
"85٪ـی دەرمانی شێرپەنجە بە نایاسایی دێت"
کاروان گەزنەیی کۆمەڵێک لەزگە و دەرمانی قەستەرە و باڵۆنی خستەڕوو کە ماوەبەسەرچوون و گوتی، لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێن، هاوکات دوو جۆر دەرزیی بێهۆشی و نیوە سڕکەری پێشاندا و ئاماژەیدا: "ئەو دەرزییانە لەسەر ماتۆڕسکیل دەگوازرێنەوە و هیچ دیارنییە سەرچاوەیان لەکوێوەیە و بەبێ وەسڵن، بەڵام لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان بۆ نەخۆش بەکاردەهێندرێن."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە 85٪ـی دەرمانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بە قاچاخ دەهێندرێت، وەزارەتی تەندروستی پلانێکی هەیە بەناوی کوردستان گایدلاین، بەپێی ئەو پلانە، دەرمانی شێرپەنجە کە دەدرێت بە نەخۆشخانەکان، تەمەنیان بۆ دیاریکراوە، واتا نەخۆشی 30 ساڵ بۆ 50 ساڵ تا 70 و 80 ساڵ، ئەگەر نەخۆشێکی 80 ساڵ شێرپەنجەی تووشبێت، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرمان دابین ناکات لە سێ سەنتەرەکەی هەولێر و دهۆک و سلێمانی دەرمانی پێنادرێت و دەبێت بمرێت.
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارە تەرخان ناکات بۆ ئەوەی دەرمان بهێنرێت بۆ ئەو سێ سەنتەرەی شێرپەنجە، دەرمانی کوالێتی باش نایێت و دەرمانێک دێت کە لە تورکیا کەسێک بەناوی تووشبووی شێرپەنجە ناوی خۆی تۆمار دەکات و دەرمان وەردەگرێت و بە قاچاخ دەیهێنێتە هەرێمی کوردستان، لەوێیشەوە دەرمانەکە لە رێگەی تێرمیناڵی نێوان شارەکانەوە دەگوازرێتەوە."
کاروان گەزنەیی پێیوایە: "بۆ چارەسەری کێشەی سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستیان بە 60 ملیۆن دۆلار هەیە کە دەکاتە 7.4٪ـی کۆی گشتی بودجەی هەرێمی کوردستان."
د. سامان بەرزنجییش گوتی، بۆ چارەسەری کێشەی سەنتەرەکانی شێرپەنجە زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلارمان پێویستە، "ساڵ هەبووە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بۆ شێرپەنجە خەرجکراوە، دەرمانی شێرپەنجە خێرا گۆڕانیان بەسەردێت و هەندێک دەرمان هێشتا رێگەپێدانی بۆ دەرنەچووە و پزیشک بۆ تووشبووی شێرپەنجەی دەنووسێت، بۆیە لە نەخۆشخانەکانی کە تایبەتن بە شێرپەنجە دەست ناکەون."
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "پێشتر هەندێک دەرمان لەڕێگەی قاچاخەوە دەهات و رێگە دەدرا نەخۆش خۆی دەرمان بکڕێت و دواتر قەرەبوومان دەکردەوە، ئێستا ئەو سیستمەمان راگرتووە و هەموو نەخۆشخانەکانمان بە فەرمی ئاگادار کردووەتەوە، هیچ دەرمانێکی شێرپەنجە نابێ بەکاربهێندرێت کە لە رێگەی کۆنترۆڵی جۆرییەوە نەهاتبێتە هەرێمی کوردستان."
150 تۆن دەرمانی نایاسایی دەستی بەسەردا گیراوە
دكتۆر شێروان سادق، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان رایگەیاند، "بە تەنیا لە ساڵی 2022 دەستمان بەسەر 150 تۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی ماوەبەسەرچوو و قاچاخ دا گرتووە، ئێمە تیمی چاودێریی بازاڕمان هەیە و بەردەوام لەگەڵ ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان لە پەیوەندیداین."
د. شێروان سادق دەڵێت: "لەکاتی گرتنی ئەو دەرمانانەدا هەڕەشەمان لێکراوە و کێشەمان بۆ دروستکراوە و تیمەکانمان بەردەوام لە مەترسیدان، هەڕەشەکان ئەوەندەن کە بەرپرسی چاودێری بازاڕ کە دکتۆرە، دەمانچە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان: "لە ساڵی 2022 سەردانی 221 کۆمپانیایان کردووە و لەو ژمارەیە 64 کۆمپانیا بەهۆی سەرپێچییەکانەوە داخراون."
"سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەرەتاییە"
د. رێبین مەحموود، پسپۆڕی حوكمڕانیی تەندروستی و سەرۆكی ئینستیتیوتی پلاتفۆرمی خزمەتگوزاریی تەندروستی پێیوایە سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان هێشتا لە سەرەتایە و دەڵێت، ئەوان هیچ داتایەکی زانستییان نییە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت دۆخی تەندروستیی ئێستای هەرێمی کوردستان لە چ قۆناخێکە.
د. رێبین مەحموود گوتی: "کێشەی دەرمان ئاڵۆزترین کێشەی نێو سیستمی تەندروستییە کە سیستمی تەندروستی خۆی ئاڵۆزترین کەرتی خزمەتگوزارییە لە وڵاتان، بۆیە ئەو کێشەیە بە شێوەی خێرا چارەسەر نابێت، سەرباری هەموو ئەو هەوڵانەی لە وەزارەت و لە کوالێتیی کۆنترۆڵ دراوە بۆ چاکسازی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لە قۆناخی ئەی بی سی دایە."
بە بۆچوونی سەرۆكی ئینستیتیوتی پلاتفۆرمی خزمەتگوزاری تەندروستی، "وڵاتان بە قووڵی چوونەتە ناو کێشەکانەوە و توێژینەوەی قووڵیان لەسەر کێشەکانی کەرتی تەندروستی کردووە و چارەسەریان کردوون، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەمە بێبەشین و ئەگەر بەو دۆخەی ئێستا چارەسەرییەکی رووکەشی بۆ بکەین، دوای چەند ساڵێک دیسان سەرهەڵدەدەنەوە."
"دانانی ستیکەر کێشەی دەرمان چارەسەر ناکات"
د. رێبین مەحموود پێیوایە بۆ چاککردنەوەی دۆخی دەرمان لە هەرێمی کوردستان لایەنی کەم دوو ساڵ کات پێویستە و دانانی ستیکەر بەتەنیا لەسەر دەرمان بە چارەسەر نازانێت.
سەرۆكی ئینستیتیوتی پلاتفۆرمی خزمەتگوزاری تەندروستی دەڵێت: "بۆ چاکسازیی کەرتی دەرمان لە هەرێمی کوردستان لایەنی کەم پێویستیمان بە دوو ساڵ کارکردنی چڕ هەیە، بەڵام هەندێک کێشەی رووکەشی لەم کەرتەدا هەن کە لە هیچ شوێنێکی دنیا ئەوەندە زەق نییە، کێشەی پەیوەندیی نێوان پزیشکان و کۆمپانیاکانی دەرمان و دەرمانخانە و شوێنەکانی پشکنینە، سەرباری هەبوونی دەرمانی ساختە و قاچاخ کە هەموو کارمەندێکی تەندروستی بەم پەیوەندییانە دەزانێت و کێشەکەش هەر وەکخۆی بەردەوامە."
لەبارەی دانانی ستیکەر لەسەر دەرمان د. رێبین مەحموود پێیوایە: "ستیکەر بەتەنیا نرخ و کوالیتی دەرمان چارەسەر ناکات و ئەو بابەتەش پێویستی بە توێژینەوەی ورد و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی هەیە، لە هەندێک لە وڵاتان ستیکەر نەک نەبووەتە هۆی دابەزینی نرخ، بەڵکو نرخەکەی گرانتریش کردووە."
وەکو ئاماژەی پێدەدات: "کێشەی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە رێنمایی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو دەبێ بە یاسایەکی زیرەک بکرێت بۆ ئەوەی قۆرخکار و قاچاخچییەکان نەتوانن بەسەریدا زاڵببن."
زیاتر لە 22 هەزار پاکەت لە مانگێکدا گیراون
دكتۆر ئەحمەد كەسنەزانی، نوێنەری تەندروستیی سلێمانی لە بازگەكان دەڵێت، لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە 22 هەزار پاکەت دەرمانیان لە بازگە و خاڵە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی گرتووە.
بە گوتەی دکتۆر ئەحمەد کەسنەزانی: "لەماوەی ئەم مانگەدا 22 هەزار و 640 پاکەت دەرمان لە بازگەکان و خاڵە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی گیراون و ئەو هێزانەی ئاسایشیش کە ئەو دەرمانانە دەگرن مەترسییەکی زۆر بۆسەر گیانیان دروست دەبێت."
نوێنەری تەندروستیی سلێمانی لە بازگەكان گوتیشی، "تائێستا لە پارێزگای سلێمانی هیچ لقێکی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان نییە، گرتنی دەرمانی نایاساییش لەناو شارەکان ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی نییە، بەڵکو دەبێ بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ئەو کارە بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ