رووداو دیجیتاڵ
پردی بەرسیرین لە گوندی بەرسیرینی سنوری قەزای رواندز لە پارێزگای هەولێر، تەمەنی 200 ساڵە و مەترسیی رووخانی لەسەرە.
دوای مێژوویەکی دێرین لە دروستکردنی، بناخە و سەری دوو لە پایەکانی شکاون و مەترسیی ئەوەی لێ دەکرێت بارانی زۆر و هەڵسانی ئاستی ئاوی ئەو رووبارەی بە ژێریدا دەڕوات زیانی زیاتری پێ بگەیێنێت.
شادوومان ئەنوەر، هاونیشتمانییەکی گوندەکەیە، دەڵێت، "لە ساڵی 2018 بە هۆکاری باران و بەفری زۆر ئاستی ئاوی ئەو رووبارە زیادبوو و گەیشتە سەر پردەکە، کە ئاوی بەسەردا رۆشت چەند شوێنێکی پردەکە رووخان، هەروەها پایەی ناوەڕاستی پردەکەش زیانی پێکەوت، بێگومان لە ئەمڕۆوە کێشەی زیاتر بۆ پردەکە دروست دەبن بە هۆکاری زۆربوونی ئاوی رووباری باڵەکایەتی، هەربۆیە چاککردنی پێویستە".
ئەگەرچی مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی سۆران و وەک شوێنەواریش تۆمارکراوە، بەڵام تائێستا خەڵکی گوند هاتووچۆ بەسەر پردەکەدا دەکەن.
هیدایەت حوسێن، بەرپرسی بەشی کاروباری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران دەڵێت، "ئەو شوێنە شوێنەوارییانەی کە تووشی زیان دەبن و مەترسییان لەسەر دەبێت، پێویستە بەهەمان ئەو کەرەستەیەی پێی بنیاتنراون نۆژەن بکرێنەوە، بۆیە پێویستمان بە بودجەیەکە تاوەکو بە زووترین کات دەست بە نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەوارە بکەین بۆ مانەوە و پاراستن و بەردەوامیدان پێی".
لەوکاتەوەی ئەم پردە بنیاتنراوە، تەنیا یەکجار کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ کراوە.
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز دەڵێت، "ئەم پردە پێشتر نۆژنکردنەوەی بۆ کراوە و ئێستاش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارە گرنگ و مێژوییە، ئێمە چیمان لەدەست بێت دەیکەین بۆ پاراستن و مانەوەی شوێنەوارەکە وەک خۆی".
جگە لە رووخانی بناخەی دوو لە پایەکانی، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری چۆمان کە بەژێر پردەکەدا دەڕوات ژێر یەکێک لە پایەکانی شۆراندووە و تەنیا نیوەی پایەکەی لەسەر زەوی ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ