رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گەرمیان گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد. مامۆستا سەرکەوت زەهاوی 11 ساڵە زانکۆی تەواو کردووە و چوار ساڵە وانەبێژە، بەردەوام بەشداریی خۆپێشاندانەکانی کردووە بۆ دامەزرادندن.
مامۆستا سەرکەوت زەهاوی دەڵێت: سەرەڕای ئەو هەموو کێشەیەی کە هەمانە تەنیا لەبەر ئەوەی مامۆستای کۆمەڵایەتیم دەڵێن، کۆمەڵایەتیمان پێویست نییە؛ هەزارەها مامۆستای کۆمەڵایەتیمان هەیە کە بە واستە دامەزراون.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گەرمیان 1300 مامۆستای وانەبێژ لە قوتابخانەی گوندەکان و نێوشار وانە دەڵێنەوە.
هەڵکەوت سەلیم نزیکەی 11 ساڵە لە چوارقوڕنە مامۆستای وانەبێژە، بەهۆی دانەمەزراندنی مانیگرتووە لەکارەکەی و دەڵێت: لەو قوتابخانەیەی من دەوامی تێدا دەکەم 22 مامۆستای وانەبێژی تێدایە، ئەگەر ئێمە بایکۆت بکەین دەوامی قوتابخانەکەمان پەکی دەکەوێت و قوتابییان زەرەرمەندی سەرەکین.
جگە لە گەرمیان بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ لە راپەڕین لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئیدارەکە گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد.
لاژە موراد، یەکێکە لەو مامۆستا وانەبێژانەی کە بەشداریی گردبوونەوەکەی کردووە و دەڵێت: وەک هەر مامۆستایەکی دامەزراو ئەرکی خۆمان بە باشی جێبەجێ کردووە و وانەکانمان گوتووەتەوە. مافی خۆمانە کە بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن.
ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە بە رووداوی گوت: وانەبێژەکان تەواوکەری پرۆسەی پەروەردەن، بەبێ ئەوان پرۆسەی پەروەردە وەک پێویست بەڕێوەناچێت، کاتێک داوای مافی خۆیان دەکەن ئێمەش پشتیوانی داواکارییەکەیان دەکەین.
هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لە گەرمیان و راپەرین لە سلێمانیش مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە.
مەحەمەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی باسی لەوە کرد: مژدەی حکومەت تاوەکو ئێستا بۆ ئێمە ئەوەیە بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە کاربکەن، 15% بۆ 20%یان، بەڵام دیارنییە چەند ساڵی دیکە دوای گرێبەست دەکرێن بە هەمیشەیی، هەیانە 15 ساڵە گرێبەستە، ئێمە ئەگەر بایکۆتی تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم بکەین تەواوی پرۆسەکە پەکی دەکەوێت.
لە سەرجەم پەروەردەی شارەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن کە لە قوتابخانەکانی شار و شارۆچکەکان وانە دەڵێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ