لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی لێبڕینی 2٪ـی پارەی گەنمی جووتیاران پێکدەهێنرێت

29-11-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی بڕینی رێژەی 2٪ـی پارەی گەنمی جووتیاران پێکدەهێنێت، پارەکە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە و بەناوی پشتیوانیکردنی جووتیاران وەردەگیرێت، بڕیاردەری لیژنەکە دەڵێت: "دەمانەوێت بزانین ئەو پارەیە کە ساڵانە دەیان ملیار دینارە چۆن و بۆ کێ خەرجدەکرێت، چونکە پێدەچێت کەمی لێ خەرجبکرێت."
 
رۆژی دووشەممە، 28-11-2022، سه‌فین گه‌ردی، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی کوردستان کە سەرپەرشتیی لیژنەکە دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری بڕیاردرا لیژنەیەکی سێ کەسی پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بڕە پارەیەی ساڵانە لە پارەی گەنمی جووتیاران دەبڕدرێت." 
 
ساڵانە کە جووتیاران گەنم رادەستی حکومەت دەکەن رێژەی 3٪ـی پارەکانیان لێدەبڕدرێت، 1٪ـی بۆ فەرمانبەرانی سایلۆکانە، رێژەی 2٪یش بەناوی پشتیوانیکردنی جووتیاران و کڕینی بنەتۆ و پێدانیان بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ.
 
بەڵام سەفین گەردی دەڵێت: "ئەوەی تائێستا هەیە زۆر بەکەمی بنەتۆ دەدرێت و پشتیوانیی جووتیاران دەکرێت، بۆیە لیژنەکەمان بۆ بەدواداچوونی چۆنێتیی خەرجکردنی ئەو پارەیە کە ساڵانە دەیان ملیار دینارە و بەپێی ساڵەکان دەگۆڕێت."
 
بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری ئاماژەی بەوەش کرد، لەنزیکترین کاتدا بۆ بەدواداچوون بۆ چۆنێتیی خەرجکردنی ئەو پارانە سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەن و لە وردەکارییەکان دەپرسن و دەکۆڵنەوە.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ 291 هەزار و 598 تۆن و 390 کیلۆ گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون.
 
رۆژی دووشەممە، 28-11- 2022، سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو پارەیەی کە لە گەنمی جووتیاران دەبڕدرێت 2٪ە، راستییەکەی ئەو پارەیە وەکو جووتیاران خۆشیان باسی دەکەن بۆیان خەرج ناکرێتەوە و ئەگەر بشکرێت زۆر کەمە و ژمارەیەکی کەمی جووتیاران لێی سوودمەند دەبن."
 
16ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵى 2022 کۆی گشتیی بنەتۆی گەنمی بەرهەمهاتوو لە لایەن وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە هەرێمى کوردستان بریتى بووە لە (7 ملیۆن) کیلۆگرام واتە (7 هەزار تەن) کە بەمشێوەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بووە:
 
-پارێزگاى هەولێر: (1،800،000) کیلۆ گرام
-پارێزگاى سلێمانى: (1،800،00) کیلۆ گرام
-پارێزگاى دهۆک: (1,800،0000) کیلۆ گرام
-پارێزگاى هەڵەبجە: (200،000) کیلۆ گرام
-ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان: (1،400،000) کیلۆ گرام
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە