رووداو دیجیتاڵ
باوکی ئاڤێستا چوار رۆژە کەنار رووباری شانەدەری جێنەهێشتووە و دەست بە نزا بەدیار خوڕەی رووبارەکەوە ماوەتەوە، ئەو دەڵێت، "ئاو کچەکەمی بردووە و دەبێت بمداتەوە." بەڵێنیشی داوە بەبێ تەرمی کچەکەی نەگەڕێتەوە ماڵەوە.
یوسف سەدرەدین، باوکی ئاڤێستا گوتی، "ئاڤێستا گەلێک باش بوو، دەتگوت خوا خەبەری پێداوە و خەونی بینیبوو، دەیگوت: دەمرم. هەینی بەنیاز بوون بێنە ئێرە و نەهاتن. لە شەممەوە ئەوە ئاڤێستا لەنێو ئەو ئاو و قوڕاوەیە، هەتا بەدەستم نەکەوێتەوە ناڕۆمەوە. هاوکاریی خەڵکی ئێرە، خەمەکەیان سووک کردووم. سوپاس بۆ خودا لە ناوچەیەکی وا لێم قەوماوە، کە هاوبەشی خەمەکەمن."
تائێستا هیچ سۆراخێک بۆ تەرمەکەی ئاڤێستا نییە، بەڵام دەم رووبارەکە دەڵێی هۆڵی پرسەیە، خەڵک و ناسیاو، پۆل پۆل بۆ دڵنەوایی کەسوکاری ئاڤێستا دێن.
زارا عەلی، دایکی ئاڤێستا هێشتا بە خەیاڵ لای ئاڤێستای کچیەتی و بە حسرەتی دوا دیداری کچەکەیەتی، دەڵێت، "کاژێر 12:00ی شەوی پێش خنکانەکەی جلی کوردیی لەبەر کرد و پێی گوتم: دایە کامە جلەم لێ جوانە؟ جلێکی مۆری هەڵبژارد و پێم گوت: زۆر جوانە. لەدوای ئەوکاتیەوە نەمبینییەوە تاوەکو ئێستا. ئەگەر هەر نەیدۆزمەوە، داوام کردووە لێرە جێگەی خێمەیەکم پێ بدەن، تاوەکو ئاڤۆ لێرە بێت منیش لێرە دەبم و ناگەڕێمەوە هەولێر."
تیمەکانی بەرگریی شارستانی بست بە بستی رووبارەکە دەگەڕێن، رێ و رێکاری نوێ بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا تاقیدەکەنەوە.
5ی ئەم مانگە ئاڤێستا یوسف بۆ سەیران چووبووە دەڤەری بارزان و لەوێ کەوتە نێو رووباری شانەدەر، زۆریی ئاوی رووبار و لێڵیەکەی لەم وەرزەدا ئاستەنگن لە دۆزینەوەی تەرمەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ