رووداو دیجیتاڵ
خانووەکانی میراوە، پڕۆژەیەک کە هیوای 150 ماڵباتی ئەنفالکراوانی هەریر بوو، ئێستا بەشی هەرەزۆری بووە بە کەلاوە و خەڵکەکەی ناویان لێناوە 'دۆزەخی شەقڵاوە'.
سالار حاجی محەممەد کوڕە ئەنفالە و لەگەڵ دایکی دەرگا نەماوە لە 10 ساڵی رابردوودا لێی نەدات تاوەکو لایەنێکی بەرپرس خزمەتگوزاری و کێشەی خانووەکان چارەسەر بکات، بەڵام بێسوود بووە و هەر ئەمڕۆ و سبەییان پێکردوون. ئەو دەڵێت، "کێشەی ئەوەیە دەڵێن تەندەرە، تەندەریش کەی دەدرێت، نازانم. کەسوکارمان هەمووی کۆچی دواییان کرد و کەس خۆشیی نەبینی لەم خانووانە."
رووبەری خانووەکان 200 مەترن، لە ساڵی 2015 تەواو کراون، بەڵام لەبەر ئەوەی تائێستا ئاو و شەقامی قیرتاوی بۆ نەچووە، خاوەنەکانی نەیانتوانیوە ئاوەدانی بکەنەوە؛ چەند کەسێکی پەنجەژمێر نەبێت، کە ئەوانیش بە سۆندە لە دووریی چەند سەد مەترێکەوە ئاو لە شوێنی دیکەوە رادەکێشن.
فەرمان سەید، کەسوکاری ئەنفال دەڵێت، "گلەیی ئێمە ئەوەیە خزمەتگوزاری، قیر و ئاوەکە بێت، سەردانی پارێزگارمان کردووە و سەردانی قایمقامی شەقڵاوەمان کردووە، سەردانی بەڕێوەبەری ناحیەی هەریرمان کردووە، هەر دەڵێن دەیکەین و هیچیش دیارنییە."
هەر لەبارەی پڕۆژەکەوە ماهیر عەلی، کەسوکاری ئەنفالکراو باسی لەوە کرد، خانووەکان "گەچیشیان پێوە نەماوە. نە دەرگا ماو، نە پەنجەرە ماوە، نە پانکە، نە بۆیلەر، هیچ نەماوە؛ ئەوە دیارە، هەر ئەوەندەیە کە بنمیچەکە نەڕووخاوە."
کەسوکارێکی دیکەی ئەنفال بەناوی محەمەد سلێمان لە پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە کرد، خانووەکان "هەمووی رووخاوە و دزییان لێکراوە، هەموو شتێکی لێکراوە. داواکارین ئاوڕێکمان لێبدرێتەوە بۆ خاتری ئەو شەهید و ئەنفالانە، چارەیەکی ئەم خانووانەمان بۆ بکرێت، تەنیا ئەو داواکارییەمان لە برا گەورە هەیە."
وەزارەتی شەهیدان دەڵێن ئەرکمان دروستکردن و بەناوکردنی خانووەکان بووە و دابینکردنی خزمەتگوزاری لە ئەستۆی پارێزگای هەولێر و یەکەی ئیداری شەقڵاوەیە.
ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان رایگەیاند، "رەزامەندیمان بۆ وەرگرتوون و ئەمانە تۆمار دەکەین و بەناویان دەکەین. رێکارەکان تەواو بوون و هەفتەی رابردوو نووسراومان کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆئەوەی بتوانین رێکارەکانی تۆمارکردنیان بۆ بکەین."
بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو پرۆژەیە، رەزامەندی دراوە، لیژنەی تایبەت پێکهێندراوە و پێویستیان بە 803 ملیۆن دینارە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، بەڵام تائێستا پارەی پێشینە خەرج نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ