رووداو - سلێمانی
دەنگۆی بوونی ماددەی ناتەندروست لە توونی نێرگەلەکان لە کافتریاکانی سلێمانی، بووەتە بابەتی گەرمی سۆشیاڵمیدیا، ئەمەش وایکرد لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی ئەو شارە سەردانی لەناکاوی چەند کافتریایەک بکەن بەمەبەستی پشکنینی تووتنەکان و دڵنیابوونەوە لە پێکهاتەی نێرگەلەکان.
شوان مەعرووف، ئەندامى لیژنە هاوبەشەکانى سلێمانى بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەم تووتنانە لەبەرئەوەى فەلن و نازانرێت لە کوێ دروستکراون، مەجالى دەستکاریکردنى هەیە، بۆیە پسووڵەى سەرپێچیمان بۆ کردن".
هەر نێرگەلەیەک بەناوى تامێکەوە ناونراوە، لیمۆ، قەزوان، سندى، سێو، بنێشت و جۆرى دیکەش، هەندێک جاریش دروستکردنى تام لە تێکەڵەیەک کە بەناوى کافتریاکەوە ناودەنرێت، کە ئەمە رێگەپێدراو نییە.
لەشکر حەمید، سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى سلێمانى گوتی "ئێمە نموونەى ئەو تام و تووتنانەى وەرمانگرتوون دەینێرین بۆ پشکنین، بەڵام بەشێوەى گشتى ئەو تامانەى کە لە کیسدان، پشکنینى کوالیتی کۆنترۆڵیان بۆ کراوە".
جیا لە بابەتى تامى نێرگەلە، چەند رۆژێکە لیژنەکانى قایمقامیەت چوونە ژوورەوە و بەکارهێنانى نێرگەلە و ماددە کحولییەکانیان بۆ کەسانی خوار 18 ساڵ قەدەخە کردووە، سزاى خاوەن دووکانیش تاوەکو داخستن و گرتن پەیڕەودەکرێت.
بەرهەم غەفوور، وەستاى نێرگەلە دەڵێت "ئێمە شوێنى کڕینى تام و تووتنمان دیاریکراوە و هیچ ماددەیەکى دیکەى تێکەڵ
ناکرێت، شتى واش هەبێت بۆى دەبەینەوە".
سەربارى ئەو پشکنین و دڵنیانەبوونەوەیە، بەڵام پزیشک و پسپۆڕان، هۆشیارى دەدەن لە بەکارهێنان و تێکەڵکردنى دەرمان و تامى دیکەى ناتەندروست بۆ نێو تام و تووتنى نێرگەلە.
سەنگەر جاف، پسپۆڕى تەندروستیى گشتی ئاماژەی بەوە کرد "بە نیشانەى ئەو کەسانەى کە دەڵێن فڵان تام و فڵان کافتریا نەبێت ناتوانین بیکێشین، ئەوە دەرخەرى ئالوودەبوونە بەو ماددانەى دیکە کە تێیدەکرێت، وڵاتانى دروستکەر و هەناردەکارى تووتنى نێرگەلە بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق زۆرن، بەڵام لەپێشترین و پڕکڕیارترینیان ئیمارات، ئوردون، میسر و تورکیایە، عێراقیش تام و تووتنى خۆى هەیە، کەس بەلایدا ناچێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ