رووداو- هەولێر
جێگری پارێزگای دهۆک دەڵێت، لەماوەیەکی کەمدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی پارێزگای دهۆک دادەخرێن کە ژمارەیان نزیکەی 12 پاڵاوگە دەبێت. دەشڵێت، پاڵاوگەکان جگە لە پیسکردنی ژینگە، زیانیان بۆ کشتوکاڵ هەیە و مۆڵەتیشیان نییە، "بۆیە لە رێگەی هێزێکی هاوبەشەوە دادەخرێن."
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2022، ماجید سەیید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک سەبارەت بە بڕیاری نوێی پارێزگای دهۆک بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی پارێزگاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە سەرپەرشتی پارێزگاری دهۆک کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا و بڕیاردرا هێزێکی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی دارستان و ژینگە پێکبهێندرێت و لەماوەیەکی کورتدا سەرجەم ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی لە پارێزگای دهۆکدا هەن دابخرێن."
ماجید سەیید ساڵح گوتیشی: "سێ ساڵ بەر لە ئێستا ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان لە پارێزگای دهۆک 48 پاڵاوگە بوو، بەڵام لە 25ـی ئابی 2021دا بەشێکی زۆیان داخران و خاوەنی 18 پاڵاوگەش رووبەڕووی یاسا کرانەوە، بۆیە ئەوانەی ماون ژمارەیان لەنێوان 10 بۆ 12 پاڵاوگە دەبێت."
جێگری پارێزگاری دهۆک هۆکاری داخستنی پاڵاوگەکان کە بەشی زۆریان دەکەونە کۆمەڵگەی پیشەسازیی کواشێی دهۆک بۆ "نەبوونی مۆڵەتی یاسایی، پیسکردنی ژینگە و زیانگەیاندن بە کشتوکاڵ، لەگەڵ زیانە تەندروستییەکانی ئەو پاڵاوگانە بۆ سەر مرۆڤ" گەڕاندەوە.
لە مانگی نیسانی 2021دا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵایان بۆ داخستنی 169 پاڵاوگەی نایاسایی پێکهێناوە.
چەند جارێک ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشنیازیان بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە کە نەوت بە پاڵاوگە نایاساییەکان نەدات و رایانگەیاندووە، ئەو هەنگاوە دەبێتە سەرەتای داخستنیان. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش رەتیدکاتەوە نەوتی خاوی پێدابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ