رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی کریستیانەکانی عەنکاوەی هەولێر روویان لە کەنیسەی 'مار توما الرسول'ـی - کاسۆلیکی کردووە و نوێژ و نزا دەخوێنن.
ئەو کەنیسەیە ساڵی 2022 دروستکراوە، ئەم ساڵ سێیەم جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحی تێدا بەڕێوەدەچێت. ئەم ساڵ بەشێک لە کریستیانەکانی سووریا کە لە هەولێرن لەو رێوڕەسمەدا بەشداربوون.
هالە حەبابە، هاووڵاتییەکی سووریی کریستیانە، بە رووداوی گوت: دوو ساڵە لە هەولێر دەژی و هەست بە ئارامی و خۆشییەکی زۆر دەکات. "ئەمڕۆ هاتووم نزا بۆ کوردستان و وڵاتەکەم بکەم."
هالە سەرسامی خۆی بە ئاستی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە شتێکی ناوازەی ناوبرد.
چەند رۆژێکی دیکە جیهان ماڵئاوایی لە ساڵی 2024 پێشوازی لە ساڵی 2025ی زایینی دەکات. نزیکەی دوو ملیار و 140 ملیۆن کریستیانی رۆژئاوایی و بەشێک لە کریستیانە رۆژهەڵاتییەکان، 25ـی کانوونی یەکەم بە رۆژی کریسمس یان رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا دادەنێن.
کریستیانەکانی جیهان بە گشتی شەوی پێش کریسمس یان لە رۆژی کریسمس بۆ نزاکردن و گوتنەوەی سروودی ئایینیئ تایبەت بە لەدایکبوونی مەسیح دەچنە کەنیسە.
لە نەریتەکانی دیکەی کریسمس بریتییە لە ئامادەکردن و هاوبەشیکردنی خواردنی تایبەت لە ئێوارەی 24 تاوەکو ئێوارەی 25ـی مانگ لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێیان کە دیارترینیان کێکی کریسمس و قەلی سوورکراوەن. کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبری قەل، سەروپێ ئامادە دەکەن.