کوردستان
بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دوای بۆردوومانی ئێران. وێنە: ئەرکان عەلی - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیێنێت، پێشتر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە مەترسیی بۆردوومان ئاگادارکردەوە، بەڵام دیارە "بەهەندیان وەرنەگرتووە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-09-2022 هەڵگورد نەجیب، بەڕێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێش بۆردوومانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبەکانیان لە ئەگەری ئەو هێرشە ئاگادارکردەوە، بەتایبەتی ئەو حیزبانەی لە نزیک سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بنکەیان هەیە، بەڵام هۆشدارییەکەیان بەهەند وەرنەگرت.
هەڵگورد نەجیب گوتی: "دوای تۆپباران و بۆردوومانەکانی دوێنێ، بەیانیی ئەمڕۆ (تاوەکو کاژێر 10:15) سنوور ئارامە و هیچ تۆپبارانێک نەکراوە".
دوێنێ چوارشەممە 28-09-2022 کۆماری ئیسلامیی ئێران بنکە و بارەگای چەند حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سنووری شێراوە لە باشووری هەولێر نزیک ناحیەی پردێ، زڕگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومانکرد، بەهۆیەوە 16 کەس گیانیان لەدەستدا و 46 کەسی دیکە برینداربوون، کە برینی 10 کەسیان سەختە.
هەروەها تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی چەند رۆژێکە هێزەکانی دیموکرات و کۆمەڵە لە ناوچە سنوورییەکان بە تایبەتی لە سنووری ناحیەی سیدەکان بۆردوومان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ